ڕاوێژکارێکی سودانی: پێشبینیدەکرێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەشێوەی خول لەناو پێکھاتەکاندا بەڕێوەببرێت

  • July 26, 2024
  • 121 Views
ڕاوێژکارێکی سودانی: پێشبینیدەکرێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەشێوەی خول لەناو پێکھاتەکاندا بەڕێوەببرێت

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەماوەی ٢٠ ڕۆژی داھاتوودا یەکلادەکرێتەوە و پێشبینیدەکرێت پۆستەکە بەشێوەی خول لەنێو پێکھاتەکاندا بەڕێوەببرێت.

تورھان موفتی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کەرکوک ئەنجامی گرنگی ھەبووە و دانوستانەکانی گۆڕیوە بۆ کردار. 

وتیشی، قەیرانی پارێزگای کەرکوک ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە و ماوەی ٢٠ ساڵیشە دانوستانی ڕاستەقینە لەو پارێزگایە نەکراوە، بەڵام پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەتی کەرکوک دوای کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ پێکھاتەکانی ئەو شارە دەستیپێکردووە. 

ڕاوێژکارەکەی سودانی ڕاشیگەیاند، پرسی پۆستەکان لە کەرکوک پێویستی بەکات و ڕێککەوتنی لایەنەکان ھەیە، گرنگترین خاڵیش لە پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک پۆستی پارێزگارە، ئەو پۆستەش لەماوەی ٢٠ ڕۆژی داھاتوودا یەکلادەکرێتەوە، کە پێشبینیدەکرێت بەشێوەی خول و دوولایەنە بێت لەنێوان کورد بە نوێنەرایەتی یەکێتی و عەرەب، یان بە شێوەی سێ لایەنە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان بخولێتەوە.

دوێنێش، سودانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکھاتەی عەرەب کۆبووەوە و ڕایگەیاند، نابێت ھیچ پێکھاتەیەکی کەرکوک لە دروستکردنی بڕیار دووربخرێتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو