وڵات_میدیا #کوردستان
دانا لقمان بۆتانی چاودێری سیاسی
لەدوای پڕۆسەی ئـازادی عیراق کورد زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی لەناوچە دابڕاوەکان ھەبوو لەگەڵ ئـەوەش دا بەشێکی زۆری پۆستە ئـیدارییەکانی نەینەوا لەدەستی کوردبوون و پارێزگاری کەرکوک-يش و گرنگترین پۆستە ئـیدارییەکان کورد بەڕێوەی دەبردن .
سەرەڕای ململانێ مەزھەبییەکان و ھەوڵی وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئـیقلیمی و دروستکردنی مەترسی و ھاوردەکردنی خەڵکی دیکە بۆ ئـەو ناوچە دابڕاوانە ، کورد دەرفەتێکی زۆری بۆ دروستبوو و بەتایبەتیش بەشداریکردنی (یەکێتی – پارتی )وەکوو دوو ھێزی سەرەکی لەھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بەھاوپەیمانی بەشداربوون ، دەستکەوتی گرنگی بۆ کورد ھەبوو ھەم بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کورسی ھەمیش بۆ مسۆگەرکردنی پۆستە ئـیدارییەکان.
بەڵام ھاتنی چەکدارانی داعش لەساڵی ٢٠١٤ پاشەکەشی زۆری کرد بە ژمارەی دانیشتووانی کورد و لەدەستدانی بەشێکی پۆستە ئـیدارییەکانی نەینەوا و کەرکوک بەتایبەت لەنەینەوا ، پێش شەڕ و هێرشەکانی داعش ژمارەی کورد لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەپێی ئاماری نافەرمی 600 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا ڕێژەی کورد لەو سنوورە کەمی کردووە .
ئەگەر بێت و لەئێستادا کورد یەک دەنگ بێت لەناوچە دابڕاوەکان دەتوانێت :-
١-زۆرترین پۆستە ئـیدارییەکانی کەرکوک و نەینەوا مسۆگەربکەن .
٢-جموجۆڵی ئابوری و گەشەی داھات بەرزتر دەبێت .
٣-ھەڵی کار و دەرفەتی دامەزراندن بۆ بەشێکی زۆری دانیشتوانی سنوری ناوچە دابڕاوەکان دروست دەبێت .
٤-لایەنی ئاسایشی و ئـەمنیەتی سنورەکان بەھێزتر دەبێت .
بەداخەوە لەگەڵ درێژبوونەوەی پێکنەھاتنی ئـەو دوو یەکە ئـیدارییە خەریکە مەترسی نوێ دروست دەبێت ، پێش چەند ڕۆژێک بوو دەنگۆی ھاتنەوەی چەکدارانی داعش لەسنوری سوریا بۆ عیراق ﻭ موسڵ بڵاوکرایەوە ، گرنگە تاوەکوو ململانێێ مەزھەبیەکان قوڵتر نەبنەوە و تیرۆریستان سود لە بۆشایی ئـەمنی و بۆشایە ئـیدارییەکان وەرنەگرێت حکومەتێکی ھاوبەش پێکبھێنرێت و پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و پۆستی یەکە ئـیدارییەکان بۆ نەینەوا بەدەستبھێنرێت .
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/+T_2uNS6SGDY81Igc