ئەرسەلان مەحمود: لە پەڕەی کتێبەوە بۆ سندوقی دەنگدان

ئەرسەلان مەحمود: لە پەڕەی کتێبەوە بۆ سندوقی دەنگدان

وڵات_میدیا #کوردستان

لە قوڵایی مێژوودا، وشەکان هێزێکی کاریگەرو توانایەکی سەیرو شاراوەو سەرسوڕهێنەریان هەبووە لە گۆڕینی ژیانی تاک و کۆمەڵگەو ژینگەیی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.
لە سەردەمی یۆنانی کۆندا کە سوقرات بە دیالۆگەکانی بیری گەنجانی دەورووژاند، تا دەگاتە ڕۆمانەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ کە ویژدانی کۆمەڵگەی فەرەنسی هەژاند، ئەدەب هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا هەبووە، بەڵام ئایا ئەم کاریگەرییە تەنها هەر لە چوارچێوەی کولتووردا ماوەتەوە، یان خۆی کردوە بە گۆڕەپانی سیاسەت و پرۆسە جیاکانی بەنموونە وەک هەڵبژاردنیشدا؟
ئەدەب، لە جەوهەردا، جگە لە قاڵ و قوڵکردنەوەی بیرو هزرو ئەندێشە، مرۆڤ فێر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیشی دەکات، کاتێک خوێنەر ڕووبەڕووی چیرۆکێک، شیعرێک یان ڕۆمانێک دەبێتەوە، ناچار دەبێت لە گۆشەنیگای جیاواز و ژیانی کەسانی تر بڕوانێت.
ئەم توانایە، واتە توانای بینینی جیهان لەچاوی کەسانی ترەوە بنەمای هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، کەواتە خوێنەری باش ئامادەیە ببێتە هاوڵاتییەکی باش و بکات بە کەسێک کە دەتوانێت بە وردی لێکدانەوە بکاو بڕیار بدات لە کاتی بژاردە کردن و هەڵبژاردندا.
هەروەها، ئەدەب مێژووی شاراوەی گەلان دەنووسێتەوە، ئەو ڕاستییانەی کە لە کتێبە فەرمییەکاندا جێیان نابێتەوە، لە ناو دێڕەکانی شیعرو لاپەڕەکانی ڕۆماندا خۆیان دەشارنەوە، بۆیە: خوێندنەوەی ئەدەبی نەتەوەیەک، واتە ناسینی ئەو نەتەوەیە بەهەموو خەون و ئازارو هیواکانیەوە، ئەمەش یارمەتی دەنگدەر دەدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵترو وردتر هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامەی لیست و کاری کاندیدەکان بکات.
لە لایەکی ترەوە، نووسەران زۆر جار ڕۆڵی پێشەنگی کۆمەڵگە دەبینن، ئەوان لەڕێگەی نوسینەکانیانەوە دەتوانن ئەو بابەتانە بورووژێنن کە کۆمەڵگە خۆی لێدەدزێتەوە، بۆ نموونە چۆن جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی “1984”دا مەترسییەکانی دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتی خستە ڕوو، یان چۆن تۆنی مۆریسۆن لە “بەزەیی”دا زامە قووڵەکانی ڕەگەزپەرستی لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا ئاشکرا کرد.
دەی ئەم جۆرە نووسینانە، تۆ بتەوێ یان نا دواجار دەبنە هۆی دروستبونی دیالۆگی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە بەنۆرەی خۆی کاریگەری لەسەر ئاراستەی دەرونی دەنگدەرو هەڵبژاردنەکان دادەنێت.
بۆیە ئەرکی ئەدەب تەنها ڕەخنەگرتن نییە، ئەدەب دەتوانێت وێنای داهاتویەکی باشتر بکێشێت، ئەو داهاتووەی ئێمە وەک کۆمەڵگە دەمانەوێت پێی بگەین، ئەم وێنایە دەبێتە ئەو ئاسۆیەی خەڵک لەکاتی دەنگداندا بەرەو ڕووی دەڕۆن، بۆیە: نووسەر تەنها تۆمارکەری مێژوو نییە، داڕێژەری داهاتووشە.
ئێستا دەبێت بڵێین کە پەیوەندی نێوان ئەدەب و هەڵبژاردن پەیوەندییەکی ئاڵۆزو فرەڕەهەندە، وشەکان لە پەڕەی کتێبەوە گەشتێکی درێژو پڕ لە گۆڕانکاری دەکەن تا دەگەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لەم گەشتەدا، ئەوان مێشک و دڵی خوێنەر دەگۆڕن و لەجیگەیدا بیروباوەڕی نوێ دروست دەکەن، پرسیاری نوێ دەورووژێنن و فۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی تازە لەوڵاتاندا دیاری دەکەن.
کەواتە، با وەک نووسەر، خوێنەر و هاووڵاتی، هەمیشە لە بیرمان بێت کە هەر وشەیەک دەینووسین یان دەیخوێنینەوە، دەنگێکە کە لە داهاتوودا لە سندوقی هەڵبژاردندا دەیدەین.
با بەرپرسیارانە بنووسین و بە وشیارییەوە بخوێنینەوە، چونکە چارەنووسی دیموکراسی لە کۆتاییدا لە دەستی ئەو کەسانەدایە کە دەتوانن بخوێننەوە، بیر بکەنەوە و بە ئاگاییەوە هەڵبژێرن.

  • تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
    https://t.me/+T_2uNS6SGDY81Igc

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو