#وڵات_میدیا #کوردستان
فارس نەوڕۆڵی چاودێری سیاسی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان لەنوسینێکدا دەڵێت؛
(وشیاربن هە موومان لە کەشتییەکداین، نێچیرڤان بارزانی)
کورد هەموو شتێکی تاقیکردووەتەوە ئەقڵ سازی نەبێت، شۆڕش، ئەنفال، کیمیاباران، دەیان جار کەوتن و هەستانەوە ئەوکاتەش دەگاتە نیمچە دەسەڵاتێ خۆی تێکی دەدات، وەک بەختیار عەلی دەڵێت: (دەس بۆ ئەشقیش بەرین دەیشکێنین ) بەپاڵپشتیش بە حەقیقەتەکانی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێ ئەوەی شکستی بە کورد هێناوە پیلانی دوژمنان نەبووە، بەڵکو زیاتر کردەوەکان و ڕەفتارەکانی کورد خۆی بووە.
ئێستاش هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە یارو نەیار چاوەڕێی بەرەنجامەکەیەتی، کە سەیری گوتاری حزبەکان دەکەیت، یاخود لێدوانی بەربژێرەکان دەکەیت هێشتا نەگەشتوینەتە بانگەشە، پڕە لە جوێن و سوکایەتی و ناشیرینی هێندە نالۆژیکییە پیاوی ئاقڵ شۆک دەکات، چونکە تا ئێستا گوتارەکان و لێدوانەکان بەتاڵن لە پرۆژە دەڵێی بۆ شەڕ دەڕۆن نەک بۆ پەرلەمان.
هەر بۆیە سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ترسی خۆی نەشاردەوەو لە دهۆک وتی (هەموومان لە کەشتیەکداین با بانگەشە بە جۆرێک نەبێت ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەرێم تێکبدات) ئەمە پێمان دەڵێ هەموومان لە کەشتیەکداین کەشتیەکەش دەیان شەپۆل ڕوبەڕوی دەبێتەوە بۆ ئەوەی کەشتیەکە بە سەلامەتی بپەڕێنینەوەو کورد لەم تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوبێت، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە هەل و مەرجەکە، بانگەشەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبەرین بۆ ئەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکنەچێت و لە تاقیکردنەوە گەورەکەدا سەرکەوتووبین