ڕابەری دەستەی تەحریر شام داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا دەکات
ئەبو موحەممەد جولانی، ڕابەری دەستەی تەحریر شام (HTS)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی CNN، جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی سوریایەکی نوێ کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئەسەد “مردووە”.
جۆلانی وتی: “ئێمە بەدوای دامەزراندنی حکومەتێکین کە لەسەر بنەمای ئەنجومەنی گەل بێت”. هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی سیستەمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی، نەک سیستەمێک کە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای خواستی تاکەکەسی بێت.
ڕابەری HTS هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە “هیچ گروپێک مافی ئەوەی نییە گروپێکی دیکە لەناو ببات” و جەختی لەسەر مێژووی پێکەوەژیانی تایفە و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە کردەوە.
لە کۆتاییدا، جۆلانی ڕایگەیاند کە گروپەکەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و داوای لە هەموو لایەک کرد پشتگیری لە هەوڵەکانیان بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە سێزدە ساڵە تووشی شەڕی ناوخۆ بووە و چەندین گروپی چەکدار و هێزی دەرەکی تێیدا بەشدارن.