بەیاننامەی هاوبەشی عێراق – ئێران – سووریا دەربارەی گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا

  • December 6, 2024
  • Ahmed
  • 33 Views
بەیاننامەی هاوبەشی عێراق – ئێران – سووریا دەربارەی گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا

وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا ڕایانگەیاند کە “هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سووریا مەترسییەکی گشتییە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە”.

ڕۆژی هەینی، بەغدای پایتەخت میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کرد لە نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و هاوتاکانی لە ئێران عەباس عێراقچی و بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا.

وەزیرەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکەیان جەختیان کردەوە کە “هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە هەماهەنگی، هاوکاری و ڕاوێژی دیپلۆماسی بۆ “دوورخستنەوەی مەترسییەکان”.

وەزیرەکان پێداگرییان لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی و سەقامگیری سووریا کردەوە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند:

“لە کۆبوونەوەکەماندا بە وردی باسی دۆخی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی عێراق، کرا.”

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

“داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە کۆمکاری عەرەبی لە ئاستی نوێنه‌رانی هه‌میشه‌یی دەکەین و هەموو ڕێگا دیپلۆماسییەکان دەگرینەبەر بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا.”

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

“پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سعودیە، ئیمارات، میسر و ئوردن کردووە و پێکەوە کار دەکەین بۆ هەماهەنگی لەم بارەیەوە.”

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

هەروەها فوئاد حسێن ڕایگەیاند کە بەغدا هەوڵ دەدات “کۆبوونەوەیەک” لەسەر خاکی خۆی “بۆ ژمارەیەک لە وڵاتان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی سووریا” ببەستێت، ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێک لەم وڵاتانە “ئەندامن لە ڕێکەوتننامەی ئاستانە”.

فوئاد حسێن وتیشی: “پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئیمارات، سعودیە، میسر، ئوردن و وڵاتانی ئەوروپی کردووە و بەردەوام دەبین لەم پەیوەندییانە.”

لەلایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی جەختی کردەوە کە تاران بە هەموو توانایەوە بەردەوام دەبێت لە پشتگیری سووریا.

عێراقچی وتیشی کە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت بەرگری لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکەن ئەگەر دەیانەوێت بەرگری لە ئاسایشی خۆیان بکەن.

وەزیری دەرەوەی سووریاش ڕایگەیاند “ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات بەرهەمی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمییە کە ئامانجی دابەشکردنێکی نوێی ناوچەکە و دووبارە نەخشەکێشانەوەی نەخشەی سیاسی بەپێی ئەجێندای دوژمنکارانەیە”.

سەباغ جەختی کردەوە کە “سوپای سووریا هێشتا ئەرکی نیشتمانی خۆی جێبەجێ دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆریستان”.

ئاماژەی بەوەش دا کە “سوپای سووریا لە هەندێک شوێن پاشەکشەی کردووە بۆ تاکتیکی جەنگی و گورزی گەورەمان لە تیرۆرستانی تەحریر شام داوە”.

لە 27ی تشرینی دووەمی مانگی ڕابردوودا، پێکدادان لە نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و سوپای سووریا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا هەڵگیرسا.

گرووپەکان توانیان لە 30ی تشرینی دووەم کۆنترۆڵی ناوەندی شاری حەلەب و هەموو پارێزگای ئیدلیب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بگرنە دەست.

دوێنێ پێنجشەممە، گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیان پارێزگای حەما لە ناوەڕاستی سووریا کۆنترۆڵ بکەن، دوای پێکدادانی توند لە نێوان چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای سووریا.

Ahmed
EDITOR
PROFILE

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو