نووسینی ئەرسەلان مەحموود
کۆتایی ٥٤ ساڵە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد. هەرگیز نابێت وەک کۆتایی ستەمکاری لەو وڵاتەدا لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک هەر گۆڕانکارییەکی تری ناوچەکە، زیاتر لەوەی چارەسەری کێشەکان بێت، دەرخەری قووڵایی زیاتری قەیرانەکانە. لە ڕاستیدا، ئەم گۆڕانکارییە نوێیە تەنها دەریدەخات کە چەندە مەحاڵە پێناسەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر خاکێک کە پێکهاتەکانی لە بنەڕەتدا خۆیان قبوڵی ناکەن.
دەوڵەتی سوریا، کە لە دوای ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ دروستکرا، هەرگیز نەیتوانی ببێتە دەوڵەتێکی ڕاستەقینە بە مانا مۆدێرنەکەی. لە جیاتی ئەوە، بووە بە کۆمەڵێک پێکهاتەی دژ بەیەک کە تەنها بە هێزی سەربازی و ئەمنی پێکەوە هێڵراونەتەوە. بەم شێوەیە، هەر لە سەرەتاوە، دەوڵەت نەک وەک چوارچێوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیان، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی گروپێک بەسەر گروپەکانی تردا بەکارهێنراوە.
هەواڵەکانی ئەم ڕۆژانە سەبارەت بە گوللەبارانکردنی عەلەوییەکان لەلایەن گروپی هەیئەت تەحریر شام، کە ئێستا دەسەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە، نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕینی دەسەڵات لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر، بە تەنها ناتوانێت چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بکات. ئەم ڕەفتارە نوێیە، لە جەوهەردا، دووبارەکردنەوەی هەمان لۆژیکی پێشووە – واتە بەکارهێنانی دەوڵەت وەک ئامرازی سەرکوت و تۆڵەسەندنەوە، بەڵام ئەمجارە لەژێر ناوی ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازدا.
کێشەی سەرەکی لێرەدا نەبوونی “ئیرادەی سوری”یە کە هەرگیز مومکین نییە ببێت، چونکە وڵاتەکە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دووقۆڵی و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی دانەمەزراوە. لە بنەڕەتدا، سوریا وەک دەوڵەت-نەتەوە، بەرهەمی پرۆسەیەکی سروشتی گەشەسەندنی مێژوویی نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی دابەشکردنێکی دەستکردی کۆڵۆنیالی بووە. ئەمەش وایکردووە کە هیچ کات ناسنامەیەکی هاوبەشی نیشتمانی دروست نەبێت کە بتوانێت سەرووی ناسنامە تایەفی و ئیتنیکییەکان بێت.
لە وڵاتێکدا کە عەرەب، کورد، تورکمان، عەلەوی، سوننە، مەسیحی و دروزەکان هەریەکە و خۆیان بە خاوەنی ڕەسەنی خاکەکە دەزانن، چۆن دەکرێت چاوەڕێی دروستبوونی دەوڵەتێکی هاوچەرخ بکرێت؟ لێرەدایە کە دەبینین شکستی ئەزموونی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها شکستی مۆدێلێکی سیاسی نییە، بەڵکو شکستی تێگەیشتنێکی سەرتاپاگیرە لە چەمکی دەوڵەت و نەتەوە.
هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، لەم گۆڕانکارییەدا نموونەی بەردەوامی ئەو تێنەگەیشتنەیە لە سروشتی قەیرانەکە. لێدوانەکانی نوێنەری دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرعە لە دیمەشق نیشانی دەدات کە ئەمریکا هێشتا باوەڕی بە چارەسەری ڕووکەشی هەیە – واتە گۆڕینی دەمامکەکان بەبێ دەستکاریکردنی پێکهاتە بنەڕەتییەکە. ئەمەش درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی کۆڵۆنیالیە کە سەد ساڵ لەمەوبەر ئەم وڵاتەی بەم شێوەیە دروستکرد و ئێستاش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان قەیران.
کەواتا، سوریای دوای ئەسەد لەبەردەم دوو ڕێگەدایە: یان دەبێت قبوڵی شکستی پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە بکات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی بیر لە فۆرمێکی نوێی ڕێکخستنی سیاسی بکاتەوە کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دووالیەنە و مافی یەکسان دامەزرابێت، یاخود بەردەوام دەبێت لە بازنەی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە.
بەداخەوە، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە نیشانی دەدەن کە ڕێگەی دووەم زیاتر لە یەکەم لە ئارادایە – ئەمەش ئەو ڕاستییە تاڵە دەردەخات کە تراژیدیای سوریا لە جەوهەردا تراژیدیای مۆدێرنیتەیەکی سەپێنراوە کە نەیتوانیوە یان نایەوێ خۆی لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ناوچەکە بگونجێنێت.