دیاردەی گواستنەوەی شەڕ و ململانێ بۆ دەرەوەی سنورەکان، دیاردەیەکی ئاڵۆزە، ئەوانەی دەیانەوێ ورد لێی تێبگەن ئەوا ڕەگەکەی لە قووڵایی مێژووی سیاسی و فەلسەفی مرۆڤایەتیدا هەن.
ڕەهەندی مێژوویی و فەلسەفی:
مێژووی سیاسی بە درێژایی سەردەمەکان شایەتی ئەوە دەدات کە چۆن دەوڵەتە هەژموونخوازەکان هەمیشە هەوڵیانداوە قەیرانە ناوخۆییەکانیان بگوازنەوە دەرەوە، ئەمە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆماوە بۆ سەفەوی و عوسمانی، تا دەگاتە نازیزم و سەددامیزم، هەموویان لەم داوەدا کەوتوون. هیگڵ لە تیۆری دیالێکتیکدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هەر هێزێک دژە هێزی خۆی دروست دەکات. ئیبن خەلدون لە “موقەددیمە”دا باس لە خولی ژیانی دەوڵەتان دەکات و چۆن فراوانخوازی بێسنور دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجارەکی.
ڕەهەندی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی:
“وەهمی بەهێزی” دیاردەیەکی دەروونییە کە زۆربەی دەوڵەتە هەژموونخوازەکان تێیکەوتوون. سەرکەوتنە سەرەتاییەکانیان دواجار وایلێکردون هەست بە بەهێزییەکی زیاتر لە ڕاستەقینەیی خۆیان بکەن. هەر ئەمەش بەرەو گرتنەبەری هەنگاوی هەڵە و مەترسیدار تاویداون. لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، ئەم ستراتیژە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و خەڵەتاندنی کۆمەڵگە.
گۆڕانکارییەکانی سەردەمی نوێ:
لە جیهانی ئەمڕۆدا، چەمکی هێز و سەروەری گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. ئەمریکا وەک نموونە، سەرکەوتنی خۆی لە هاوسەنگی نێوان هێزی نەرم و ڕەق دۆزیوەتەوە. بەڵام دەوڵەتانی وەک تورکیای ئەردۆغان هێشتا لە خەونی هەژموونی کۆندا دەژین و نایانەوێت لەم وانە مێژووییە تێبگەن.
دەرەنجامە فیکری و سیاسییەکان:
گواستنەوەی شەڕ بۆ دەرەوە نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە کێشەکە. دەوڵەتی سەردەمیانە ئەو دەوڵەتەیە کە: پەرەپێدانی ناوخۆیی دەکاتە ئەولەویەت، ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دووقۆڵی دروست دەکات، کێشە ناوخۆییەکانی بە شێوەیەکی لۆژیکی واقیعبینانە و دیموکراسی چارەسەر دەکات.
پوخت و نەخت
مێژوو و فەلسەفەی سیاسی پێمان دەڵێن سیاسەت و ستراتیژی گواستنەوەی شەڕ و ململانێکان بۆ دەرەوە، سیاسەت و ستراتیژێکی شکستخواردوون. ئەوانەی ئەمڕۆش ئەم ڕێگەیە دەگرنەبەر، چارەنووسیان لە نموونە ڕەشەکانی ناوزبڵدانی مێژوو باشتر نابێت. سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە دروستکردنی دەوڵەتی هاونیشتمانی و گەشەپێدانی ناوخۆییدایە، نەک لە هەژموونخوازی و هەوڵی قوتدان و قڕکردنی ئەوانی تر.