پارێزگای سلێمانی بەدرێژایی مێژوو جێگەی پێگەیاندنی سەرکردەی کوردو،سەدان هونەرمەندی دیارو نوسەرو ڕۆشنبیربووە،بۆیە خودی شاری سلێمانی ناسراوە بە شاری ڕۆشنبیری،هەر ئەوەش وایکردووە شارەکەو پاریزگاکەش بە شێوەیەکی گشتی جێگەی شانازی هەموو کورد بێت لە سەرانسەری جیهان.سلێمانی نەک بۆ کورد بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی ڕووی تێدەکەن،جێگەی تێڕامان بووەو هەستیان بە ئارامی و ئەمنیەتی گەورە کردووە،بەهۆی مامەڵەی جوانی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە،بەڵام بەداخەوە دووسێ ساڵە کەسانێک دوور لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و دینی کەوتوونە ناشیرین کردنی جوانیەکانی پارێزگای سلێمانی کە ئازادی و ئەمنیەتی گەورەی پارێزگاکەیان قۆستۆتەوە بۆ لێدان لە خێزان و بەهاجوانەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.بەهۆی بەزاندنی هەموو سنورەکانی ئازادی و داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردی،سکاڵای خەڵک تا دێت بەرزتر دەبێتەوە بەرامبەر ئەو کەسانە،خۆشبەختانە ئاسایشی گشتی سلێمانی بەدەم داوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پارێزگای سلێمانیەوە هات، لە هەنگاوی یەکەم ژمارەیەکی بەرچاو لەجنێودەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی دەستگیر کرد هەموو ئەکاونتەکانیانی داخست،ئەوەش هەنگاوێکی گەورەو گرنگە،بۆ بەرقەرار کردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کەم کردنەوەی تاوانەکان.بەرپرسانی ئاسایش ئاماژه بەوە دەکەن،پڕۆسەکە درێژەی دەبێت و هەموو ئەوانە ڕوو بەڕووی دادگا دەکەنەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان کردۆتە سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی،ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە گەورەی ئاسایشی گشتی سلێمانی بۆ هەمیشە سەرکەوتوو بێت،ڕێگەنەدەن ئەوکەسانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکار بێننەوە و بێنەوە ناو میدیا بەشێک لەوانە جاری تر سزا دراون بەڵام کە گەڕاونەوە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دووبارە دەستیان کردۆتەوە بە کاری نەشیاو،کاری ئەوانە هیچی کەمتر نیە لە مەترسی تیرۆرو پێویستە سزای توند بدرێن و بنبڕ بکرێن.زۆر گرنگە ئاسایشی هەولێرو دەهۆکیش هەمان هەنگاوی ئاسایشی گشتی سلێمانی بگرنە بەر،هەموو ئەوکەسانە بگرن کە لەو دوو پارێزگایەش بوونە مایەی بێزار کردن و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی،هەنگاوەکەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆتە مایەی خۆشحاڵی گەورەی سەرجەم چین و توێژەکان و هیوادارن بۆهەمیشە ئەو دیاردەی هەبوو کۆتایی بێت.