“هەنگاوەکانی دواتر، زیاتر کردەیی بن”
یەکێتی حزبێکی سیاسیی سەرەکیی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتی مێژوویی و سیاسی و مۆراڵیشی لەسەرە، پێویستە سیاسەتی راستەقینە بکات، خەباتی سیاسیی مۆدێرن دەستپێبکات، بە فەلسەفەی سیاسی و زانستی سیاسی، دۆخەکە شرۆڤە بکات و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و دواتر هەنگاوی جێبەجێکردنی بنێت، بۆ ئەوەی دەرەنجامی باشی هەبێت.
ئایا خەڵک چی دەوێت؟
خەڵک ژیانی باشی دەوێت و ئارامی و ئاسایش و کاری رۆژانەی دەوێت، منداڵەکان بەیانیان بڕۆنە قوتابخانە و باوک بڕواتە سەر کار و ئێوارە، لەسەر سفرە دایک بە رووی گەشەوە خێزان کۆبکاتەوە، ئەمە پێیدەوترێت خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان، کە لەبەرنامەی پارتە سۆشیال دیموکراتەکانی جیهاندا، پلەی یەکەمی گرتووە.
رەنگە خەڵکی ئاسایی رێگای دۆزینەوە خۆشگوزەرانی پەی پێ نەبەن، چەواشەکاریی میدیاکان و حزبی سێبەر و بێ بەرنامە و تاکڕەو، کە لەسەر چەواشەکاری دەژین خەڵک بەلاڕێدا ببەن، بەڵام، دیموکراسی و هەڵبژاردن و کات، هەمووی نیشانی جەماوەر دەدات، راستییەکان دەردەکەون کێ بەڕاستی لەسەر رێگای دابینکردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانە؟.
پێویستە یەکێتی لەسەر رێگا راستەکە بێت و بەرنامەی کاری خۆی بەپێی ناوچە جوگرافییەکەی، دۆخی دەروونیی جەماوەرەکەی، دۆخی رۆشنبیریی جەماوەرەکەی دابنێت، هەم مامەڵە لەگەڵ جەماوەر بکات و وتاری هەبێت بۆ دواندنی جەماوەر، هەم بەرنامەی کاری هەبێت، بۆ ئەنجامدانی کار بۆ جەماوەر، تا بگەنە ژیانی شایستە .
پێویستە یەکێتی داواکارییەکانی لە حکومەت و داڕێژانەوەی بەرنامەی کاری حزبەکەیدا جێگر بکات، ستراتیژی هەبێت بۆ بەدیهێنانی ویستەکانی خەڵک، تا لەنێوان داواکاریی هاووڵاتیان و بەرنامەی حکومەت، هیچی دیکە گیرنەخوات.
بەرنامەی کاری حوکمەت، دەنگورەنگی یەکێتی و ستراتیژی تێدا جێگە بکاتەوە، چیدیکە دەست نەرم نەبێت بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی، رەنگدانەوەی ناوچەی جوگرافیایی ئەوان و رەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونیی جەماوەری ئەوان بێت.
باشترین چارەسەر ئەوەیە، پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی ستراتیژی لەسەر هەرێمی کوردستان تاقیدەکرێتەوە، پەیوەندیی بە گوزەران و ژیانی هاووڵاتیانەوە هەبێت، لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، رێگاوبان، دارایی، بودجە، مووچە، بەشێوەیەکی زۆر راشکاوانە رەچاوی داخوازی خەڵک بکرێت بەپێی ناوچەکان.
رەنگە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک لە شاری هەولێر جێی رەزامەندی بێت و لە سلێمانی نیگەرانی دروستبکات، یان بەپێچەوانەوە، تایبەتمەندێتی خزمەتگوزاریەکان و هێنانەدی خۆشگوزەرانی، لەناو خەڵکەوە خواستەکەی هەڵدەقوڵێت و بۆ خەڵکیشە، چیدیکە بڕیاری ناوەندی بێ لێکۆڵینەوە و بێ پرس و را، تیماری دەرد ناکات.
لە دیداری نوێی یەکێتیدا، زۆر باش دەبێت، بیر لەم هەنگاوە بکرێتەوە، تێڕوانینی یەکێتی دابڕێژرێتەوە لەسەر خواستێکی مۆدێرنتر، کارکردن بۆ چەسپاندنی لە حکومەتدا.