ئەرسەلان مەحمود
قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (د.خ) بە ڕوونی باس لە پێویستی ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤەکان دەکەن، بەڵگەیەکی ڕوونن کە هەموو مرۆڤێک خاوەن کەرامەتە و هیچ گروپێک ناتوانرێت وەک “جنۆکە” یان بوونەوەرێکی کەمتر لە مرۆڤ حیساب بکرێت.
زانایانی ئیسلامی بە درێژایی مێژوو جەختیان لەوە کردووەتەوە کە: بڕیاردان لەسەر قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی عیبادەتی مرۆڤەکان تەنها مافی خودایە، نەک هی مرۆڤ. دابەشکردنی خەڵک بۆ گروپی “پاک” و “پیس” یان “مرۆڤ” و “جنۆکە” بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلامە و تەکفیرکردن (بە کافر زانینی موسڵمانان) و تۆمەتبارکردنیان بە “جنۆکە” یان بوونەوەری شەیتانی کردەوەیەکی زۆر مەترسیدارە.
ئیمامی غەزالی لە “فیصل التفرقة بین الإسلام والزندقة” هۆشداریداوە لە خەتەری تەکفیرکردن و زیادەڕەوی لە تۆمەتبارکردنی موسڵمانان و ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمە دەرگەی فیتنە و دووبەرەکی لە کۆمەڵگە دەکاتەوە.
هەروەها لێکۆڵینەوە زانستی کۆمەڵناسییەکانیش دەریان خستووە کە: “غەیریەتسازی” یەکێکە لە میکانیزمەکانی دروستکردنی دوژمن لە ململانێی سیاسیدا، کە تێیدا گروپێک هەوڵدەدات نەیارانی سیاسی بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی بخاتە دەرەوە. ناساندنی نەیارانی سیاسی وەک “جنۆکە” یان “شەیتان” یان “درندە” بەشێکە لە پرۆسەی سڕینەوە کە زۆر جار پێش ڕووداوە توندوتیژەکان بەکار دەهێنرێت. ئەم جۆرە گوتارە توندڕەوانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ سڕینەوەی هەستی هاودەردی و ویژدان بەرامبەر بە گروپی بە ئامانج گیراو.
دەروونناسی کۆمەڵایەتیش ڕوونیکردووەتەوە کە: تۆمەتبار کردنی گروپێک بە “جنۆکە” بەشێکە لە “بیرۆکەی گڵاو” کە بۆ دروستکردنی هەستی بێزاری و ترس بەکاردێت، ئەم جۆرە گوتارە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو کۆمەڵگە دروست دەکات، نەک تەنها لەسەر گروپی بە ئامانج گیراو، تەنانەت ئەو کەسانەی کە ئەم گوتارە بڵاودەکەنەوە، لە درێژخایەندا خۆیان پێش هەر کەس تووشی کێشەی دەروونی دەبن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ و هەستی هەڕەشەکارییەوە.
لە ڕووی یاسایی و مافەکانی مرۆڤیشەوە، بەڵێننامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ جەخت لەسەر یەکسانی هەموو مرۆڤەکان دەکاتەوە و یاسای نێودەوڵەتی گوتاری ڕقاوی بە تاوان دەزانێت، بەتایبەت ئەو گوتارانەی کە بانگەشە بۆ توندوتیژی دژی گروپێکی دیاریکراو دەکەن. زۆربەی وڵاتان یاسایان هەیە کە سزای توند دەدەن بەو کەسانەی کە گروپێکی نەتەوەیی یان ئاینی تۆمەتبار دەکەن بە شێوەیەک کە کەرامەتیان پێشێل بکات
ئەم جۆرە گوتارە نەک تەنها پێچەوانەی بنەما ئاینییەکانی ئیسلام و بنەما زانستییەکانە، بەڵکو هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵگەی عیراقی و ناوچەیی دا،. ئەرکی ڕووناکبیران، زانایانی ئاینی، و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانە کە بەرەنگاری ئەم جۆرە گوتارە ببنەوە و هانی گفتوگۆی بنیاتنەرانە بدەن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و قبووڵکردنی جیاوازی بیروڕا. هەروەها، پێویستە لەسەر دامەزراوە پەروەردەییەکان کە بیرۆکەی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بگەیەنن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی و ڕق بنیات بنێین.
—
بزووتنەوەی نوجەبا، چییە؟ کێن؟
بزووتنەوەی نوجەبا (حرکة النجباء) گروپێکی چەکداری شیعەیە لە عیراق، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئەکرەم ئەلکەعبی دامەزراوە و سەرکردایەتی دەکرێ. ئەلکەعبی پێشتر ئەندامی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق بووە، کە گروپێکی چەکداری تری شیعەیە لە عیراق.
ئەم بزووتنەوەیە پشتگیری لە دامەزراوەی ویلایەتی فەقیه دەکات و بەشێکە لە “حەشدی شەعبی”، نزیکە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”. ئەمریکا وەک گروپێکی تیرۆریستی ناساندویەتی و سەرکردەکەی (ئەکرەم ئەلکەعبی) خراوەتە لیستی گەمارۆکان.