لە کاردانەوە بە بۆردومانێکى کوشندە لە کۆبانێ، مەزڵوم عەبدى لە نوێترین پەیامیدا داواى لە حکومەتى سوریا کرد بەرپرسیارێتى خۆى هەڵبگرێت سەبارەت بە پاراستنى هاووڵاتیانى لە هێرشى وڵاتانى دیکە.
دوێنێ، بۆردومانێکى ئاسمانى کرایە سەر گوندى بەرخبۆتان لە کۆبانێ، کە بووە هۆى گیانلەدەستدانى نۆ کەس کە ئەندامى یەک خێزان بوون. میدیاى خۆجێی رۆژئاواى کوردستان رایگەیاند کە تورکیا بەرپرسیارە لە هێرشەکە. قوربانیەکان بریتین لە دایک و باوک و حەوت منداڵ.
ئەمڕۆ لە تۆڕى ئێکس، مەزڵوم عەبدى پەیامێکى بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرەخۆشى لە کەسوکارى قوربانیان دەکات و رووداوەکەى بە “تاوانێکى دژى مرۆڤایەتى” وەسف کرد.
عەبدى داواشى لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هێزە چالاکەکان کرد کە هەنگاوى پێویست بنێن بۆ راگرتنى ئەم جۆرە “تاوانانە” لە ناوچەکە.