پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاهەنگگێرانی نەورۆزی ئامەد

  • March 21, 2025
  • 117 Views
پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاهەنگگێرانی نەورۆزی ئامەد

دەیان هەزار هاونیشتمانی لە ئامەدی باکووری کوردستان بەشداریی ئاهەنگی نەورۆز کردووە و لە میانەی ئاهەنگەکەدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە خوێندرایەوە.


لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر گرنگیی ئاشتی کردەوە و رایگەیاند: “هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین.”
بارزانی لە پەیامەکەیدا وتی: “پێڤاژۆی ئاشتی دەرفەتێکی مێژووییە و نابێت لەدەستی بدەین. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پشتیوانی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و سەرکەوتنی پێشاندەدەین.”


سەبارەت بە کەشی سیاسیی ئێستا، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد: “جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینەیەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروستبووە، بۆ ئەمەش هەوڵی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرووی هەموویانەوە هەوڵی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هەموو ئەوانەی خواستی ئاشتیان هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، بەرز دەنرخێنم.”


لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی هیوای خواست کە نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە “نەورۆزی ئاشتی و ئارامی” و جەختی کردەوە کە “سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەموومانە.”


جێی باسە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری ئامەد بە بەشداریی هەزاران کەس و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو و هەموو لایەک پەیامی پشتگیری بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان دووپات کردەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو