سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ (11ی نیسانی 2025) لە وتارێکدا سڵاوی لە ستەملێکراوانی جیهان کرد و جەختی لەسەر هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کردەوە.
ئەردۆغان ڕایگەیاند کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا چیتر لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا ناگونجێت و چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە پێشکەش ناکات. ئەو وتی: “دەمانەوێت ناوچەکەمان ببێتە شوێنی شارستانیەت و ئاشتی و ئاسایش، نەک شوێنی ململانێ و شەڕ”.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد، بەتایبەتی لە سوریا، لوبنان، غەزە و لیبیا. هەروەها جەختی کردەوە کە “جیهان لە پێنج وڵات گەورەترە، چونکە مرۆڤایەتی گەورەترە”.
ئەردۆغان ڕایگەیاند کە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین هاوڕایە و ئامانجیان دروستکردنی پشتێنەیەکی ئاشتییە لە ناوچەکەیاندا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە چاویان لە هیچ خاکێکی دەرەکی نییە.
لە بارەی کێشەی فەلەستین-ئیسرائیلەوە، ئەردۆغان ئیسرائیلی بە دەوڵەتێکی تیرۆریست وەسف کرد و گوتی کە هەوڵ دەدات “نەکبەی دووەم” جێبەجێ بکات. ئەو جەختی کردەوە کە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە تەنها لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە دەبێت.
سەبارەت بە سوریا، ئەردۆغان هۆشداری دا کە “هەر کەسێک بیەوێت تراژیدیا بۆ سورییەکان بگەڕێنێتەوە، دەبێت حیساباتی خۆی دووبارە بکاتەوە” و دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا بۆ سەقامگیری لە سوریا کار دەکەن.
لە کۆتاییدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی تورکیا لە ناتۆدا کرد و جەختی کردەوە کە تورکیا لە ئامانجی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە یەکێتی ئەوروپا دوور نەکەوتووەتەوە.