ئەنتالیا – ئێوارەی ٢٠٢٥/٤/١١، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی کۆڕبەندی ئەنتالیادا کۆبوونەوە.
هەردوو لایەن پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد و پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانیان هەڵسەنگاند.
کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هەردوولا دەستەبەر بکات.
پرۆسەی ئاشتی و کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی، باسێکی سەرەکیی دیکەی دانیشتنەکە بوو. بارزانی ڕۆڵی ئەردۆغانی لەم پرۆسەیەدا بەرز نرخاند و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری لەم بوارەدا دەربڕی.
بارزانی پرۆسەی ئاشتی بە “دەرفەتێکی مێژوویی” وەسف کرد و داوای کرد پەکەکە بەپیر بانگەوازی ئۆجالانەوە بچێت.
هەروەها دۆخی ناوچەکە بەگشتی و سووریا بەتایبەتی، لەگەڵ پرسی سەقامگیری، لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.