د. لەتیف رەشید: ئامادەین بۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا

  • May 10, 2025
  • 61 Views
د. لەتیف رەشید: ئامادەین بۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆندا، بەڕێز دکتۆر عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و هەرێمی خستەڕوو، جەختی لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا کردەوە.

سەرۆکی عێراق جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی چەندین ساڵە ئاسایش و سەقامگیری بەدەستهێناوە، و سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە. هەروەها جەختی لە ڕۆڵی عێراق کردەوە لە یارمەتیدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان لایەنە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی، ڕوونی کردەوە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، پێشبینی ئەوەشی کرد کە بڕیاری ئەرێنی دەربارەیان دەردەچێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق وەک وڵاتی میواندار بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ هەموو سەرۆکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی ناردووە، جەختیشی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەموو لایەک کردەوە.

سەبارەت بە پرسی فەلەستین، سەرۆککۆمار باسی پشتیوانی عێراقی بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی فەلەستینی و یەکێتی لە نێوان هێزە سیاسییەکان کرد، جەختیشی لەسەر هەڵوێستی عێراق لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین و ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی، و دەستپێکردنی چارەسەری ڕیشەیی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین کردەوە.

سەرۆکی عێراق باسی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریاشی کرد، بە وڵاتێکی دراوسێ و دۆست و گرنگ بۆ عێراق و گشت ناوچەکە وەسفی کرد. هیوای خواست کە گەلی سوریا بە ئاشتی و سەقامگیری بگات پاش ساڵانێک لە ئازار و دابڕان. گوتیشی کە عێراق پێشوازی لە گۆڕانکارییەکان دەکات کە لە سوریا ڕوویانداوە، و هیوای خواست کە سیستەمی نوێ بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە پرۆسەی سیاسیدا دەستەبەر بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆککۆمار جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران باشن، ڕوونی کردەوە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پشت بە ڕێککەوتنی دووقۆڵی لە نێوان حکومەتی هەردوو وڵات دەبەستێت. هیوای خواست کە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەرکەوتوو بن، هۆشداریشی دا کە شکستهێنانی دەبێتە هۆی کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەکە.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی، سەرۆککۆمار جەختی لەسەر شانازی عێراق کردەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاماژەی بە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ئامادەیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەم ڕووداوە کرد. سەبارەت بە بەشداریکردنی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ پارتەکە و بەڕێز موقتەدا سەدر.

سەرۆککۆمار باسی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش کرد و ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکان “باش و ئاساییە” لە ئێستادا، ڕوونی کردەوە کە هەردوو لا بەردەوام پرسە هاوبەش و هەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ دەکەن. جەختیشی لەسەر پێویستی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوورییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.

سەرۆکی عێراق جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات بە هیچ گروپ یان ڕێکخراوێک زەوی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن، و داوای کرد کە کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. هەروەها باسی گرنگی سەرچاوەکانی ئاویشی کرد، جەختی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی بەشی دادپەروەرانە و تەواو بۆ عێراق کردەوە، و پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتدا بە شێوەیەکی باشتر لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان و داواکاری.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو