قوباد تاڵەبانی: كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی ئەرێنی بوە

  • May 21, 2025
  • 78 Views
قوباد تاڵەبانی: كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی ئەرێنی بوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی یەكێتی و پارتی ئەرێنی بوەو هه‌نگاوێكی دیكه‌ له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومەت نزیكتر بوینه‌ته‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێشوازیكرد له‌ ژه‌نه‌راڵ كێڤن لێیهی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق و سوریا و له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌ردولا تاوتوێ كران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، له‌ ته‌وه‌رێكی كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوایین هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی بە‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ردو وه‌فدی دانوستانكاری پارتی و یه‌كێتی داو رونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌گشتی ئه‌رێنی بوه‌ و هه‌نگاوێكی دیكه‌ له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ نزیكتر بوینه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا كراوە، بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هه‌ردولا هاوڕابون سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردو گه‌لی كورد و تورك و هه‌مو ناوچه‌كه‌دایه‌ و به‌ پێویستیشیان زانی هه‌ردولایه‌نی كێشه‌ به‌پێی نه‌خشه‌رێگایه‌ك هه‌نگاوی پێویست بنێن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سوریاش، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هه‌ردولا گه‌شیبینی خۆیان ده‌ربڕی كه‌ له‌ سوریای نوێدا هه‌مو پێكهاته‌كان مافه‌كانیان پارێزراوبێت و به‌ پێویستیشیان زانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر هاوكاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت به‌ره‌و سه‌قامگیری و جێگیركردنی سیستمێك هه‌نگاوبنێت كه‌ له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی هه‌مو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه‌دابێت.

kashma
EDITOR
PROFILE

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو