بزووتنەوەی گۆڕان وادەیەکی نوێی بۆ بەستنی کۆنفرانسە تەواوکارییەکەی دیاریکرد

  • May 23, 2025
  • 33 Views
بزووتنەوەی گۆڕان وادەیەکی نوێی بۆ بەستنی کۆنفرانسە تەواوکارییەکەی دیاریکرد

بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کە سبەی شەممە، ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥، کۆنفرانسی تەواوکاری خۆی لە هۆڵی ئاشتی شاری سلێمانی دەبەستێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەوڵی بەستنی کۆنفرانسەکە بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە سەرکەوتوو نەبوو.

بەپێی بەیاننامەیەکی بزووتنەوەکە کە ئەمڕۆ، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥، دەرچووە، کۆنفرانسە چاوەڕوانکراوەکە لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

جێی ئاماژەیە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥ هەوڵیدا کۆنفرانسەکەی لە هەمان هۆڵ ببەستێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویستی ئەندامان و تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، کۆنفرانسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

لە بەیاننامەکەدا، گۆڕان داوا لە هەڵسوڕاوانی کە ناویان لە لیستی دەستەی گشتیدایە دەکات بە “ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە” بەشداری بکەن بۆ ئەوەی “هەمومان بەیەکەوە بزووتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی دامەزراوەیی، بخەینەوە سەر شانۆی سیاسیی.”

بزووتنەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەستنی کۆنفرانسەکە لەم “هەلومەرجە قەیراناوییە سیاسیی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەدا” پێویستییەکی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەییە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو