ڕۆژنامەیەکی تورکی: مەزڵوم عەبدی داوای کردووە لە تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە

  • June 6, 2025
  • 49 Views
ڕۆژنامەیەکی تورکی: مەزڵوم عەبدی داوای کردووە لە تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە

ڕۆژنامەی “جمهورییەت”ی تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، داوایەکی فەرمی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئامانجی سەرەکیی مەزڵوم عەبدی لەم داواکارییە، گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی لەسەر پرسی “چەکدانان” و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو پرسە هەستیارە.

لەم بارەیەوە و لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار، ڕایگەیاند کە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی تورکیادا بوونی نییە.

چەلیک جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر حکومەتی تورکیا بڕیارێکی سیاسی بدات بۆ هەنگاونان بەرەو پرسی چەکدانان، ئەوا ئەو کارە لە ڕێگەی کەناڵی دیکەوە دەبێت و وتی: “ئەگەر بڕیارێک بدرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنرێت سەبارەت بە دانانی چەک و وێنەیەک دەربکەوێت سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم کارە، ئەوا دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیمان (میت) پەیوەندییان پێوە دەکات.”

ئەم لێدوانەی وتەبێژی ئاکەپە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر هەر گفتوگۆیەک لەو شێوەیە بێتە ئاراوە، ئەوا لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگرییەوە بەڕێوەدەبرێت، نەک لەسەر ئاستی سیاسی و فەرمی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو