تەنها لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، زیاتر لە چوار هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکە لە کەرتی غەززە کوژراون.
وەزارەتی تەندرووستی لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ نوێترین ئاماری قوربانییانی شەڕی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٤ هەزار و ٩٢٧ کەس.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندرووستی، جگە لە کوژراوان، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٢٦ هەزار و ٦١٥ کەس، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.
ئامارەکان ئەوەش دەخەنەڕوو کە توندوتیژییەکان بەردەوامییان هەیە، بە جۆرێک کە تەنها لە دوای ١٨ـی مانگی ئادارەوە، چوار هەزار و ٦٤٩ کەس کوژراون و ١٤ هەزار و ٥٧٤ کەسی دیکەش برینداربوون.
شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە لەدوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانیی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد، کە تا ئێستاش بەردەوامە و بووەتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە و ئاوارەبوونی زۆرینەی دانیشتووانی کەرتەکە.