ئێران چالاکی هەواڵگری دژی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەنجام دەدات

  • June 9, 2025
  • 30 Views
ئێران چالاکی هەواڵگری دژی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەنجام دەدات

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنیی ئاژانسەکە تۆمەتبار دەکات و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش هەوڵی دەرکردنی بڕیارێک دژی تاران دەدەن.

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنیی ئاژانسەکە لەلایەن ئێرانەوە “هەنگاوێکی خراپە” و لەگەڵ ئەو ڕۆحیەتی هاریکارییەدا ناگونجێت کە پێویستە لە نێوان ئاژانسەکە و تاراندا هەبێت.

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە لە ٣١ی ئایار بۆ وڵاتانی ئەندام نێردراوە و ئاژانسی ڕۆیتەرز بینیویەتی، ئاشکرای کردووە کە “بەڵگەی یەکلاکەرەوەی هەیە کە ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی تایبەت بە ئاژانسەکەی کۆکردووەتەوە و شیکاریی بۆ کردووە.”

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم کارە “نیگەرانیی جیددی لەبارەی ڕۆحیەتی هاریکاریی ئێرانەوە دروست دەکات” و دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێراندا. لە بەرامبەردا، تاران هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا بۆ وڵاتانی ئەندام، تۆمەتەکەی بە “بوختانێکی ڕووت” ناوبرد و ڕایگەیاند کە “بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بەڵگە و دۆکیومێنتێکی سەلمێنەر” بووە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە لە ٣٥ وڵات پێکدێت، کۆبوونەوەی وەرزیی خۆی دەبەستێت. ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پلانیان هەیە پێشنیازی بڕیارێک بکەن بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە پەسەندی بکات، کە تێیدا ڕابگەیەنرێت ئێران پابەندییەکانی پەیمانی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل کردووە.

گروسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “بەداخەوە… توانیمان بە ڕوونی دیاری بکەین کە بەڵگەنامەی تایبەت بە ئاژانسەکە لەبەردەستی دەسەڵاتدارانی ئێراندا بووە، کە ئەمە شتێکی خراپە.”

هەروەها وتیشی: “پێمان وایە کارێکی لەم شێوەیە لەگەڵ ڕۆحیەتی هاریکاریدا ناگونجێت.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەو بەڵگەنامانە لە بنەڕەتدا هی ئێران بوون و لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیرابێت، گروسی وتی: “نەخێر، ئێمە بەڵگەنامەکانمان لە وڵاتانی ئەندامەوە وەرگرتووە و هەڵسەنگاندنی خۆشمان بۆ بەڵگەنامەکان و کەرەستەکان هەیە.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو