بەدربوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، گەڕی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و واشنتن دەکەوێتە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە مەسقەت.
وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ئەمڕۆ پێنج شەممە 12ی حوزەیران بڵاویكردوە، گەڕی شەشەمی دانوستانەکە لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەکەی بەڕێوەدەچێت.
تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران، لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچووە سیانیان لە مەسقەت و دوویان لە رۆما بووە، بەڵام كۆبونەوەكان هیچ رێکەوتنێکی جێگیریان بەخۆوە نەبینیوە.
دەستپێکی گەری شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکە لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، متمانەی بە گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی جارێکی دیکە تاران جەختیکردەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.