وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بڕیاری پەرلەمان نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئێمە دەکات

  • June 25, 2025
  • 5 Views
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بڕیاری پەرلەمان نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئێمە دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئێران دەکات و وەڵامێکە بۆ ئەو “هێرشە نایاساییانەی” دەکرێنە سەری. هەروەها جەختی کردەوە کە مافی پەرلەمانە گومان لە هەڵوێستەکانی ئەو ئاژانسە بکات.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ڕۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی ئێران دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسایەک دا بۆ هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی.

بەپێی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، لە کۆی ٢٩٠ پەرلەمانتار، ٢٢١ پەرلەمانتار دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە داوە، پەرلەمانتارێکیش دەنگی نەداوە و هیچ پەرلەمانتارێک دژی نەوەستاوەتەوە.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران چاوەڕێی ئیدانەیەکی ڕوون و توندی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکرد لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، وتیشی، پێویستە ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، هەڵوێستی ئاژانسەکەیان بەرامبەر بەو هێرشانە ڕوون بکاتەوە.

هەروەها هەڵوێستی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی بە “نائەرێنی” وەسف کرد بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، ئاژانسەکە خۆی داوا لێکراوە کار بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ تاران بکات.

لە کۆتاییدا، وتەبێژەکە جەختی لەسەر پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زاناکانی ئێران کردەوە، بەتایبەت دوای ئەو هێرشە سەربازی و کردە تیرۆرکارییانەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و سەرپەرشتیارانی کردووەتە ئامانج.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو