ئەحمەد میرە:هەر هێزێک پێیوابێت زوڵم دەیهێڵێتەوە، زۆر بەهەڵەداچووە

  • July 14, 2025
  • 55 Views
ئەحمەد میرە:هەر هێزێک پێیوابێت زوڵم دەیهێڵێتەوە، زۆر بەهەڵەداچووە


#وڵات_میدیا #کوردستان #مووچە
زۆر وتراوە و نوسراوە لە سەر بەگژداچوونەوەی زوڵم و ڕەتکردنەوەی، بەڵام هەموو وتن و نوسینەکان، نەیانتوانیوە ئەم دۆخە بگۆڕن.

کاتێک دەسەڵات گوێ لە وشە و نوسین ناگرێت؛ دەبێت ئامادەبێت گوێ لە دەنگی فیشەک و ئاگر و هاوار بگرێت.

لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەدا، دەوترا: بۆ کۆمەڵگایەک، کە بییەوێت خۆی بگۆڕێت، هێزی وشە لە سەروو هەموو هێزەکانی ترەوەیە، بەو مەرجەی دەسەڵاتەکەشی لەگەڵیدا لە هێزی وشە تێبگات.

خەڵکێک لە زوڵم بێدەنگبێت، خۆی سەرچاوەی نەهامەتییەکانی خۆیەتی و دەبێت باجەکەی بدات، وەک ئەوەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت.
لە پەروەردەی ئایینیدا هاتووە، گەورەترین جیهاد، وتنی ڕاستییە لەبەردەم کاربەدەستێکی زاڵمدا.

لە ناوچەکانی هەولێر ئێستا دەنگەکە بەرزترە لە جاران و هاوارەکان دژی ستەم، گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر باڵا، بۆیە ئەرکە هەموولایەک پێکەوە، ئەم تابلۆی ناڕەزایەتییە بکێشین و ڕێگەنەدەین چیتر گورگەکان چێژ لە دەنگی گولەی سەرسنگی هاونیشتیمانیانی کوردستان ببینن.

زۆرجار لەم وڵاتەدا زاڵمەکان لەگەڵ مەزڵومەکاندا شوێن دەگۆڕنەوە. ئەم جۆرە گوتارە زۆر مەترسیدارە، کە زاڵم تاوانەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی مەزڵومەکانی کۆمەڵگا.
نەهامەتیی هەرە گەورە لە خودی زوڵمەکەدا نییە، بەڵکو لە درێژەپێدان و بێدەنگییەکەیدایە، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگایەکی دەستەمۆ و خەفەکراو دروستببێت و بۆ هەمیشە گوتاری کۆیلەبوون باڵا بێت.

هەر هێزێک پێیوابێت زوڵم دەیهێڵێتەوە، زۆر بەهەڵەداچووە، چونکە ماکی مانەوە، لە خزمەتکردن و چاکەکردنی گشتیدایە و دەبێت بۆ حوکمڕانییەکی زۆر تەندروست، هەنگاوی یەکەم لە لابردنی زوڵمەوە دەستپێبکەین و کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی بکرێت.
ناکرێت تۆ موفلیس بیت و زاڵم و گەندەڵ و خراپەکار بیت و بۆ مانەوەشت، پشت بە کوشتن و تۆقاندن ببەستیت.

حکومەتەکەت ناسنامەی خراپەکاریی گشتی وەرگرتوە و لە هەموو لایەکەوە داڕزاوە، حکومەتی لەمجۆرە جگە لە گۆڕین و لە ڕیشەدەرهێنانی، هیچ ئومێدێکی باشبوونی تێدا نییە.

لە ئێستادا ڕێگەکەی بەردەم حکومەت تەواو تەسکبووتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی زۆر شتی نوێبین. ئەمڕۆ لە وەرتێ و سبەینێ لە هەولێر.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو