ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان پەسەندکرا.
پەسەندکردنی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەند کرد.
سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە بووەتە هۆی ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە رێککەوتنەکە.
وردەکاریی ڕێککەوتنەکە:
دۆسیەی نەوت: حکومەتی هەرێم دەستبەجێ تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو کە نزیکەی 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە بەرانبەردا، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی 16 دۆلار وەک پێشینە بۆ هەر بەرمیلێک دەداتە حکومەتی هەرێم. هەروەها بڕی 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت و داهاتەکەی دوای دەرکردنی تێچووەکان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی.
داهاتە نانەوتییەکان: حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار وەک پێشەکی بۆ داهاتە نانەوتییەکان رادەستی بەغدا دەکات، تا دواتر بەپێی وردبینی یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەم رێککەوتنە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ دێت لەنێوان وەفدی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی و بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.