ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یونسکۆ) راگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ “لایەنگیریی رێکخراوەکە دژی ئیسرائیل” گەڕاندەوە.
ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری کشانەوەکەی بە ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، راگەیاندووە و جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامبوون لە ئەندامێتیی رێکخراوەکە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادا نییە.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا دەربڕی و رایگەیاند: “زۆر نیگەرانم بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە یونسکۆ، هەرچەندە ئەم بڕیارە جێگەی داخە، بەڵام چاوەڕوانکراو بوو و یونسکۆ خۆی بۆ ئامادە کردبوو.”
هاوکات، ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە ترەمپ ئەو بڕیارەی داوە، چونکە رێکخراوەکە پشتگیریی لەو دەستپێشخەرییانە کردووە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا ناگونجێن.
کێلی بە رۆژنامەی “نیویۆرک پۆست”ی وتووە: “یونسکۆ پشتگیریی لەو دەستپێشخەرییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە کردووە کە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو سیاسەتە ژیرانەیەیە کە ئەمریکییەکان لە مانگی نۆڤەمبەردا دەنگیان بۆ داوە.”
جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو کە ئیدارەی ترەمپ بە وردی چاودێریی ئەندامێتیی وڵاتەکەی دەکات لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکادا دەگونجێن.
ناوبراو یونسکۆی بەوەش تۆمەتبار کرد کە ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێکخراوەکەی بۆ “بانگەشەکردن بۆ ئەجێندای دژە ئیسرائیل و دژە جوو” بەکارهێناوە، لەوانەش “خستنە لیستی شوێنەوارە پیرۆزەکانی جوو وەک کەلەپووری جیهانیی فەڵەستین” و “سەرکۆنەکردنی شەڕی ئیسرائیل دژی بزووتنەوەی حەماس.”
هەروەها کێلی، رێکخراوەکەی بە “لایەنگری چین” تۆمەتبار کرد و وتی: “جێگری بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، شینگ کو، هاوڵاتییەکی چینییە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چین کاریگەریی خۆی لە یونسکۆدا بۆ برەودان بەو پێوەرە جیهانییانە بەکارهێناوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی پەکین دەکەن.”