ڕیفراندۆمی 2017: ئامانج یان کاردانەوە؟

  • September 24, 2025
  • 312 Views
ڕیفراندۆمی 2017: ئامانج یان کاردانەوە؟

نووسینی: کارۆخ سەید ڕزگار
سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان

ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ئامانج بوو یان کاردانەوە بوو دژی سیاسەتی برسیکردنی ئەو کاتەی حکومەتی عێراق؟

ئەمڕۆ هەشت ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە لە باشووری کوردستان کە لە 25-9-2017 ئەنجامدرا. هەرچەند زۆربەی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام ئەنجامەکانی بە لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان کۆتایی هات.

بیرۆکەی ڕیفراندۆم

9ـی حوزەیرانی 2015، خەڵکی عێراق بە ڕووداوێکی شۆکهێنەر ڕۆژیان کردەوە و چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی دووەم گەورەترین شاری عێراقیان کرد. کەوتنی موسڵ بۆ بەرپرسانی بەغدا مایەی ترس و ڕامان بوو، بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پێشهاتێکی نوێ و بەلای هەندێکیشیانەوە دەرفەتێک بوو بۆ جیابوونەوە لە عێراق و بە دراوسێی نوێی هەرێمی کوردستانیان دانا.

دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە شەڕی داعش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوە دەکرد ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بە خوێن گرتیوونی، بوونەتە ئەمری واقیع و پاشەکشەیان لێناکات. هەروەها ناوە ناوە لە میدیاکانەوە ئەوەیان بە گوێی خەڵکدا دەدا باشترین کار ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە، چونکە لە 2014وە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە بڕدراوە و ئێستا سنووریشی لەگەڵیدا نەماوە.

26ـی ئایاری 2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ئاشکرایکرد دەبێت پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 8ی تشرینی یەکەمی 2016، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی لیژنەیەک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ کارکردن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕیفراندۆم و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان وای نیشاندەدا کە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە لەلایەن هەندێک وڵاتی زلهێز و لەوانە ئەمەریکا و وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، بەڵام کاتێک ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا، زۆری نەخایاند ئەنجامی ڕیفراندۆم بە لەدەستدانی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات.

لەکۆتاییدا ئەوەی کرا و ئەوەی وترا، لە پێش ڕیفراندۆم بە حزب و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوور بوو لە ڕاستی. کەس لەم پرسە چارەنووسسازە پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی نەکرد.

واتا ڕیفراندۆم کاردانەوەی لایەنێکی سیاسی بوو دژ بە حکومەتی عێراق، نەک ئامانجێکی نەتەوەیی کورد.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو