کاشما فاروق
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووماڵكردنی تاوان بەشێوەی راستەوخۆو بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ لەلایەن میدیاكان و دەزگاكانی راگەیاندن روونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025 فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، لە گشتاندنێكی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بۆ گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان نێردراوە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تاوان و تۆمەتباران و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆی تاوانەكان قەدەغە كراوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە:” پیشاندانی تۆمەتبار و شوێن و كاتی ئەنجامدانی شەڕ و تاوانەكان، لە ڕووی یاساییەوە كاریگەریی گەورەی لەسە ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە دەبێت، لە هەمان كاتدا كاریگەریی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونیی خەڵك هەیە، ئەوەش كێشەی خێزانی و ناوچەیی و نەتەوەیی دروست دەكات، چونكە خەڵكانێك ئەو بابەتانە بۆ بەكارهێنانی سیاسی و هاندان و دووبەرەكی و ئاژاوە دەقۆزنەوە.”
بەگوێرەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری بێت، لەنووسراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە:”لە داوا لە گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان و ڕایەڵەكانیان دەكەین، بە هیچ شێوەیەك وێنە و ڤیدیۆی هیچ ڕووداوێكی تاوان و شەڕێك بڵاو نەكەنەوە، هەروەها ڕووماڵی ڕاستەوخۆی شوێنی ڕووداو قەدەغەیە.”