رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بڵاوکرایەوە و ئەم کارانە قەدەغەن

  • October 1, 2025
  • 360 Views
رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بڵاوکرایەوە و ئەم کارانە قەدەغەن

هەواڵساز: کاشما فاروق

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ ساڵی 2025 پەسەند کرد، کە چوارچێوەی یاسایی و مەرجەکانی بانگەشەکردن بۆ بەربژێر و حزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان دیاری دەکات. 

بەپێی رێنماییەکان، بانگەشە 24 سەعات پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت رادەگیرێت و چەند شتێکیش قەدەغەکراوە.

گرنگترین رێنمایی و قەدەغەکارییەکان:  

کاتی بانگەشە: بانگەشەی هەڵبژاردن لەو رۆژەوە دەستپێدەکات کە کۆمسیۆن بە رەسمی رایدەگەیەنێت و 24سەعات پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت کۆتایی دێت.

 بەکارهێنانی سامانی گشتی: بەکارهێنانی دامەزراوە و بینای وەزارەتەکان، ئۆتۆمبێلی دەوڵەت، دروشمی رەسمی دەوڵەت و پارەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.  

دەسەڵاتی کارگێڕی: هیچ فەرمانبەرێکی دەوڵەت و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بۆیان نییە دەسەڵاتی خۆیان بۆ بانگەشەکردن بۆ خۆیان یان بۆ هیچ کاندیدێک بەکاربهێنن.

دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن، بەخشینی زەوی و دەرکردنی سوپاسنامە لە کاتی بانگەشەدا بە سەرپێچی دادەنرێت.  

شوێنەکان: بانگەشەکردن لەناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و بە دووریی کەمتر لە 100مەتر لێیانەوە قەدەغەیە.

هەروەها بەکارهێنانی مزگەوت و کڵێسا و پەرستگاکانی تر بۆ بانگەشە رێگەپێنەدراوە.

 ناوەڕۆکی بانگەشە:

بانگەشە نابێت هانی توندوتیژی، رق و کینە و بیری تەکفیری و تایەفەگەری بدات. هەروەها ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کاندیدەکان قەدەغەیە.  

بانگەشەی حزبی بەعس:

هەر جۆرە چالاکییەک کە ببێتە هۆی تێکەڵکردن یان بەرزراگرتنی بیری حزبی بەعس و چالاکییە رەگەزپەرستی و تیرۆرستی و تەکفیرییەکان، قەدەغەیە.  

لابردنی پۆستەری بانگەشە: لە دوای رۆژی هەڵبژاردن، پێویستە کاندید و لایەنەکان لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو پۆستەر و لافیەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لاببەن، بە پێچەوانەوە کۆمسیۆن لایاندەبات و تێچووەکەی لەو بارمتەیەی لای کۆمسیۆن دایناوە، وەردەگرێت.

 کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە کە لیژنەکانی چاودێری بە وردی چاودێریی پابەندبوون بەم رێنماییانەوە دەکەن و هەر لایەنێک سەرپێچی بکات، روبەروی سزای یاسایی دەبێتەوە.

kashma
EDITOR
PROFILE

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو