قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ تا یەکێتی نیشتمانی بەهێزتر بێت پێگەی ژنان بەهێزترە، دەشڵێت؛ نە بانگەشەیە و نە دروشم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەورەترین و بەهێزترین حزبی داکۆکیکارە لە مافەکانی ژنان لە هەموو عیراقدا.
ئەمرۆ شەممە، قوباد تاڵەبانی لە مایانی کۆبونەوە لەگەڵ سێکتەری ژنانی هەولێر ئاماژەی بەوەدا یەکێتی بەهێزترین حزبی داکۆکیکارە لە پرسی ژنان.
باسی لەوەشکردوە؛ لە کاتی نووسینی رەشنووسی دەستوور و لە کاتی پەسەندکردنی یاساکان لە پەرلەماندا یەکێتی رۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی هەبووە لە چەسپاندنی مافەکانی ژنان.
ئەوەشی بەبیرهێنانەوە، کە یەکێتی لە هەمووان زیاتر پێداگری کرد لە جێگیرکردنی رێژەی لە ٪٢٥ی کورسی کۆتایی ژنان لە دەستووری عیراقدا.
قوباد تاڵەبانی داواشی لێکردن تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن، تا لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی ژنان و پاراستنی مافەکانیان، لەناو ژناندا زۆرترین دەنگ بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە.