کاشما فاروق
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای سەردانێکی چەند کاتژمێری بۆ ئیسرائیل، گەیشتە شاری شەرم شێخی میسر بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ.
فڕۆکەی ترەمپ لە چوونەژوورەوەی بۆ ئاسمانی میسر تاوەکو نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخ، لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی میسرییەوە یاوەریکرا، ئەوەش وەک پێشوازییەک لە سەردانەکەی ترەمپ و وەک رێزێک بۆ رۆڵی لە راگرتنی شەڕی غەززە.
لوتکەی ئاشتی بە سەرپەرشتی میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت:
لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ یان “لوتکەی نێودەوڵەتیی ئاشتی”، بە سەرپەرشتی هاوبەشی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت. ئامانجی لووتکەکە ئیمزاکردنی پلانێکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی هەرێمی، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە ناوچەکەدا.
پلانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە، 20 خاڵ لەخۆدەگرێت، کە بە راگرتنی هەمیشەیی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەستپێدەکات، و تاوەکو دەگاتە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیریی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداربووان و خەڵاتکردنی ترەمپ لە میسر:
لە لووتکەکەدا سەرکردە و نوێنەرانی زیاتر لە 30 وڵات و رێکخراوی هەرێمی و جیهانی بەشدارن، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ وڵاتانی وەک (فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، قەتەر، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، تورکیا و پاکستان).
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاندووە کە سیسی بڕیاری داوە “قەڵادەی نیل” –کە بەرزترین خەڵاتی فەرمیی میسرە– پێشکەش بە ترەمپ بکات، ئەوەش وەک رێزێک بۆ رۆڵی دیاری لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی، نەهێشتنی ململانێکان، و دوایین رۆڵی سەرەکیی لە راگرتنی شەڕی غەززە.