هەولێر – ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد پێتریۆس، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کرد و لە دیدارێکدا دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دیدارەکە، هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەر یەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە وەک دوو هاوپەیمانی ستراتیژی کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە دەتوانرێت لە چەندین بواری جیاوازدا پەرە بە هاریکاریی هاوبەش بدرێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی پردی پەیوەندی و کۆکردنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە ڕێگەی هاریکاریی ئابووری و وزەوە بە گرنگ زانرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دۆخی سووریا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش کرا.