کاشما فاروق
روسیا وردەكاریی گفتوگۆی نێوان سەرۆكی روسیا و سەرۆكی نوێی سوریای ئاشكرا كرد و ئاماژەی بەوەكرد، خاڵی سەرەكی گفتوگۆكان خۆی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریادا بینیوەتەوە.
بۆ یەكەمجار دوێنێ چوارشەممە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی نوێی سوریا سەردانی روسیای كرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. لەو بارەیەوە ئەلیكساندەر نۆڤاك جێگری سەرۆكی حكومەتی روسیا ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی نێوان ئەو دوو سەرۆكەی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی چەندین پرسی مرۆیی و ئابوری و وزە و تەندروستی و گەشتیاری كراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سوریا پێویستی بە دووبارە بوندیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەكەی هەیە، بۆیە روسیا ئامادەیە لەو رووەوە پاڵپشتی سوریا بكات و كۆمپانیا بازرگانییەكانی خۆی بنێرێت دووبارە كەرتی وزە و گواستنەوە و گەشتیاری لەو وڵاتەدا پەرە پێ بدات.
جێگری سەرۆكی حكومەتی روسیا ئەوەشی خستەروو، هەردوولا رێككەوتوون لەبارەی چەندین پرسی هونەری و رۆشنبیری و مرۆیی دیكە، هەروەها دیمەشق خواستی خۆی بە هاوردەكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی روسیا دەربڕیوە، هاوكات، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەی حكومی لە هەردوو وڵات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لیژنەكان بە وردی گفتوگۆ لەسەر رێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانە بكەن.