کاشما فاروق
رێبهر ئهحمهد، وەزیری ناوخۆی رایگهیاند، لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ رێکخراوێکی ئەڵمانی ئیمزاكردوهو بهپێی لێکتێگەیشتنەکە، گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی ئاگادار دەکرێنەوە و رێگە بۆ کۆچی یاساییان خۆش دەکرێت.
بە ئامادەبونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، ئهمڕۆ پێنجشهممه یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (جەی سی سی) و ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ) کە رێکخراوێکی حکومییە، ئیمزاكرا.
رێبەر ئەحمەد له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا وتی ”یەکەم جارە لێکتێگەیشتنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ GIZ واژۆ دەکرێت کە تایبەتە بە بابەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر کۆچ لە هەرێمی کوردستان.”
وتیشی، ئامانج لە لێکتێگەیشتنەکە ”هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە نەهامەتی و سەختییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی ئەڵمانیا.”
ئهوهشی خستهڕو”ئەوەی بیەوێت بۆ هەر مەبەستێک بگاتە وڵاتێکی ئەوروپی بەتایبەتی ئەڵمانیا، هۆشیار دەکرێتەوە کە دەتوانێت لە رێگەیەکی یاسایی و تەندروست، بەبێ ئەوەی ژیانی خۆی و کەسوکاری بخاتە مەترسییەوە، بگاتە شوێنی مەبەست. یەکێک لەو رێگەیانە فێربونی زمانی ئەڵمانییە.”