پەرلەمانی پورتوگال، رۆژی هەینی، لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پارتێکی راستڕەوی توندڕەوەوە پێشکەش کرابوو، بە ئامانجی قەدەغەکردنی “داپۆشینی روخسار لە شوێنە گشتییەکاندا”، کە بە کردەوە مەبەست لێی رێگەگرتنە لە پۆشینی نیقاب.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی “چیگا”ی راستڕەوی توندڕەو پێشکەش کراوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مانگی ئایاری رابردوودا بووە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی لە پورتوگال.
پڕۆژەیاساکە 60 دەنگی لە پەرلەمان بەدەستهێنا، کە جگە لە دەنگەکانی پارتی “چیگا”، دەنگی هاوپەیمانی حکومەت (راستی ناوەڕاست) و پارتە لیبراڵەکانیشی لەگەڵدا بوو. لە بەرامبەردا، پارتەکانی چەپ و کۆمۆنیستەکان دژی یاساکە دەنگیاندا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی موسڵمان لە پورتوگال، نیقاب بە شێوەیەکی فراوان لەنێو ژنانی موسڵمانی ئەو وڵاتەدا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام “نەریتێکە” و هەندێکیان پابەندی دەبن.