وتاری خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها بۆ دووهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی

  • October 26, 2025
  • 68 Views
وتاری خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها بۆ دووهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی

“بێتاوانترین مرۆڤ بە قێزەونترین شێوە تیرۆرکرا”

دوو ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژێکی وەک و ئەمڕۆدا مامۆستا جیهان نوێنەری وانەبێژانی هەولێر بەڕۆژی ڕووناک لەناوجەرگەی هەولێر دەڕفێنرێت و لەشەوێکی تاریک و نەگریسی پایزدا نزیک کاتژمێر هەشت لە نێو شاخ و داخەکانی بلە و بارزان دوور لەهەمووبەهایەکی مرۆڤایەتی و بەدڕندانەترین شێوە تیرۆردەکرێت، هەرهێندەش نا بەڵکو ئاگر لە جەستەی پیرۆزی و ئۆتۆمێلە بچووکەکەشی بەردەدرێت کەبۆهەموولایەک ئاشکرایە ئەو ناوچەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو کە لەلوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدان لە هەرێمی کوردستان دا ……

ئەمڕۆ کە دوو ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر ئەو تاوانە قێزەونەدا، دەسەڵاتدارانی ئەوسنورە هەتاوەکو ئێستاش ئامادەنەبوون بەیەک ووشەش بەرگری لە خۆیان بکەن و بەلایەنی کەم کامێراکانی چاودێری سەر شەقامەکان بخەنە بەردەم ڕای گشتی و خانەوادەکەی، ئەمە لە کاتێک دا کە هەموو خەڵکی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەولێریان بە بکەری تاوانەکە تۆمەتبارکرد و جگەلەوەی کە ئێمەی خانەوادەی مامۆستا جیهان ماوەی دوو ساڵە هاوار و ناڵەی ناخی سوتاومان تا کەشکەلانی ئاسمان دەڕوات ……..

جگە کامێراکانی چاودێری سەرشەقامەکان و ڕاپۆرتی پزیشکیش لە ئێمە شاردراوەتەوە و هەروەها بەبێ چاوەڕوانیکردن و بەر لە گەیشتنی خانەوادەکەمان لە ئەمریکاوە بۆ هەولێرتەرمی مامۆستا جیهان زۆر بەخێرایی نێژراوە و کە هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەمان تەرمی مامۆستا جیهانمان نەبینیوە بەجۆرێک دایکی مامۆستا جیهان هەتا ئێستاش دەڵێت کە “من نازانم ئاخۆ ئەوەی لە ناوگۆڕەکەدایە کچی منە یاخوود نا، من دەمەوێت پشکنینی بۆ بکەم.”

هەندێک کەس دەڵێن کە مامۆستا جیهان ڕەخنەکانی بەو ئەندازەیە توند نەبووە کە ببێتە مایەی تیرۆرکردن، بەڕێزان جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە مامۆستا جیهان لە کات و ساتێک دا تیرۆر کراوە کە گەرمەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و بایکۆتکردنی مامۆستایان و وانەبێژان بووە لە هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ کپکردنی ئەو ناڕازایەتیانە و تۆقاندنی مامۆستایان و خەڵکی هەولێر بەپێویستیان زانیووە کە مامۆستایەک تیرۆر بکرێت و لە ڕوداوێکی گەورەدا ڕابگەیەنرێت، لەبەر ئەوە ئێمە وەک و خانەوادەی مامۆستا جیهان پێمان وایە کە ئەگەر مامۆستا جیهانیش نەبووایە مامۆستایەکی ترلەو کات و ساتەدا دەکرایە ئامانج و تیرۆردەکرا.بەتایبەتی تریش کە دەرکەوتنی ئاشکرای هەبووبێت لە ڕاگەیاندنەکان، وادیارە مامۆستا جیهان بۆ ئەوان باشترین بژاردەبووە بەو پێیەش کە بێکەس و تەنیا بووە لەهەولێرو خانەوادەکەی لە دەرەوەی ووڵات بوون توانیویانە بە وردترین شێوە چاودێری بکەن و بەباشترین شێوە پلان و بەرنامە و سیناریۆی خۆیان دابڕێژن و بەئاسانی جێبەجێ ی بکەن.

لەم ڕاستیەوە تێدەگەین کە دەسەڵاتدارانی ئەوسنورە لەڕێگەی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهانەوە توانیویانە گەورەترین ئامانجی خۆیان بپێکن کە ئەویش تۆقاندن و بێدەنگکردنی چینی مامۆستایان و خەڵکی شاری هەولێربووە بەجۆرێک کە لەدوای تیرۆکردنی مامۆستا جیهان هەتاوەکو ئێستاش شتێک نەما بەناوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و ئازادی ڕادەربڕین و هەولێر بۆ هەمیشە بەتەواوی خامۆش و بێدەنگکرا……

لە کۆتایی دا ئەوەی جێگەی تێڕامان و نیگەرانی زیاترە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕوداوی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان جۆرێکی جیاواز لە سیاسەت پەیڕەودەکەن کە ئەویش شاردنەوەی ڕاستیەکانە لەو ڕوداوانەی کە مافی ڕایی گشتیان بەسەرەوەیە، چەندساڵێک بەر لە ئێستا ئەگەر بەدرۆ و سیناریۆش بوایە کامێراکانیان دەخستەڕوو و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دا بەدواداچوونەکان و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرادەکرد. بەپێچەوانەوە لە ئێستادا بەئەسپایی و بەبێدەنگی دوور لەچاوی کامێراکان ومیدیاکان و ڕای گشتی تاوان و تیرۆر و ڕووداوەکان وون دەکرێن وبەئاسانی لەبیرخەڵک دەبیردرێنەوە، ئەم ڕاستیەش بەتەواوی لە ڕوداوی شەهیدکردنی حەسەن سەربەرزی و ئەم ڕوداوانەی دوایی شاری سلێمانی دا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت کە ئەمەش نیشانەی زەنگێکی مەترسیدارە و هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی زۆر خراپتردا دەبات و دوورنیە ئیتر لەمەودوا ئەو ڕووداوانە لە دەرگای تاک بە تاکی هەموو ماڵێکی کورددا نەدات . ئەرکی هەموولایەکمانە بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئازادیخوازان کە ڕێگری لەبەردەوام بوون و تەشەنەسەندنی ئەم جۆرە ترسناکەی سیاسەت بگرین و لێنەگەڕین تاوانەکان بە ئاسانی بزربکرێن و پەردەپۆشبکرێن .…..

خانەوادەی مامۆستا جیهان

٢٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

kashma
EDITOR
PROFILE

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو