فواد حسێن، وهزیری دهرهوهی عێراق و كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ میدیای حزبهكهی وتی، بڕیارە سبەی وهفدێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سهردانی ههرێمی كوردستان بكهن بهمهبهستی تاوتوێكردنی حکومەتی داهاتوی عێراق و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە کوردییەکان بۆ دیاریکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
لهبارهی ئهوهی ئایا له كۆبونهوهكاندا باس له پرسی كاندیدبونی نوری مالیكی بۆ پۆستی سهرۆك وهزیران دهكرێت، فواد حسێن وتی، بێگومان “هەڵوێستی واشنتن بەرانبەر مالیکی دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆکان”.
فواد حسێن وتیشی، شەوی رابردو چوارچێوەی هەماهەنگی (بەبێ ئامادەبونی یەک لایەن) کۆبونەوەی ئەنجام داوە و جارێکی دیکە سەرجەم پێکهاتەکانیان دوپاتیان کردوەتەوە کە نوری مالیکی تاکە کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرەڕای ئاگاداربونیان لە تێبینییەکانی ئەمریکا.
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، فواد حسێن رایگەیاند: “تا ئەم ساتەش نوری مالیکی تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە و بڕیاری گۆڕینی لە دەستی سەرکردەکانی شیعەدایە.”
ناوبراو رونی کردەوە کە تا ئێستا بەغدا هەوڵێکی فەرمیی نەداوە بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکا و وتی: “پێویستە وهفدێک بچێتە واشنتن بۆ ئەوەی بە وردی تاوتوێی ئەم بابەتە بکەن، ئایا ئەمە هەڵوێستێکی کاتییە یان ستراتیژییەکی هەمیشەیی؟ ئایا ڤیتۆکە لەسەر خودی کەسایەتیی مالیکییە یان بەرانبەر بەو ئاراستە سیاسییەیە کە نوێنەرایەتی دەکات؟”
فواد حسێن ئاماژەی بەوەش دا، دۆخەکە پێش چەند رۆژێک جیاواز بو، بەڵام “پۆستەکەی ترەمپ دۆخێکی نوێی خوڵقاندوە”، چونکە پێشتر هیچ ئاماژەیەکی رون بۆ رەتکردنەوەی کاندیدبونی مالیکی لە ئارادا نەبوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لایەنی ناوخۆیی عێراقی رۆڵیان هەبوە لە هاندانی ئەمریکا بۆ دەرکردنی ئەو هەڵوێستە توندە، فواد حسێن وتی: “لێکۆڵینەوە لەم بابەتە نەکراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری گەیشتوەتە ئیدارەی ئەمریکا.”
له بهشێكی دیكهی چاوپێكهوتنهكهدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە نێردهی ئهمریكا بۆ عێراق، فواد حسێن ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی زانیاری و خوێندنەوەی ئەو، ئەرکی مارک ساڤایا کۆتایی هاتوە.
سەبارەت بە شوێنگرەوهی ساڤایا، وهزیری دهرهوهی عێراق ئاشکرای کرد: “تۆم باراك، کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئێستا وەک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ رۆڵ دەگێڕێت و سەرپەرشتیی دۆسیەکانی سوریا، لوبنان و عێراقیش دەکات.”
ههروهها لهبهشێكی دیكهی قسهكاندا فواد حسێن ناوەڕۆکی دوایین کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاشکرا کرد و وتی، گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان کردوە و بە فەرمی پێشنیارێکی نوێی خستوەتە بەردەم یەکێتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی پۆستەکان.
سەبارەت بە وردەکاریی پێشنیارەکە، وتی: “بە راشکاوی بە کاک قوبادم راگەیاندوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەگەڵ پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشی یەکێتی بکات، لە بەرانبەر بەخشینی ئەو پۆستانە، ئێمە داوای پۆستی سەرۆککۆمار و وەزارەتەکانی پشکی یەکێتی دەکەین.”
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم پێشنیارە تا ئێستا نەبوەتە رێککەوتن، بەڵام وەک بژاردەیەک خراوەتە بەردەم لایەنی بەرانبەر.
سەبارەت بە سوربونی لەسەر کاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، فواد حسێن جەختی کردەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار شایستەی پێکهاتەی کوردە و پارتیش وەک هێزی زۆرینەی کوردستان، مافی خۆیەتی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبێت. وتیشی: “ئەمە پرسێکی کەسی نییە، بەڵکو مافی پێکهاتەی کورد و زۆرینەی سیاسییە، لە کۆتاییشدا بڕیارەکە لە دەستی ئەندامانی پەرلەماندایە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکە.”











