وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێم رایگهیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر موچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت و دڵنیاییش دهداته موچهخۆران كه هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری موچەکانیان بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێم له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، “لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر موچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت، ئەوەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبو، هاوكات ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ئەم مانگە موچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتودا دو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە”.
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئامانج لەم پرۆژەی “هەژماری من” ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی موچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، “هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری موچەکانیان بکات، هەربۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاوڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی موچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دور ببڕن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، ئەوهش وادەکات هەم کات و هەم ماندوبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری”.
وەزارەتی دارایی و ئابوری دهڵێت، “خۆشحاڵین کەوا لەگەڵ فراوانبونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزمونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروست ببێت، چونکە پڕۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربوەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن”.