له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: موچه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: موچه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا

ئێستا كه‌ هه‌رێم هه‌موو ئه‌ركی هاتوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌ی موچه‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بێت ئه‌و دابه‌شی بكات، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا گیرو گرفتی زۆر له‌ نێواندا هه‌یه‌، جێی سه‌رنجه‌ هێشتا هه‌رێم له‌ بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ سه‌ر بودجه‌ی هه‌قیقی بكات ، شه‌ڕ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناكرێت لیستی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ته‌ناهیه‌كان به‌ ناو ئاراسته‌ی به‌غدا بكرێت ، راسته‌ له‌ ته‌واوی عیراقدا هێشتا دیار نیه‌ هێزه‌ سه‌ربازی و میلیشیایی و ته‌ناهیه‌كان چۆن موچه‌ وه‌رده‌گرن و ئایه‌ خه‌ڵكی وڵاتانی دیكه‌ی تیایه‌ یان نا ، به‌ڵام هه‌ق نیه‌ به‌ هیچ بیانویه‌ك ئه‌و بیانوه‌ بداته‌ ده‌ست حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ تا كێشه‌ بۆ موچه‌ خۆرانی هه‌رێم دروست بكات، به‌غدا سودێكی زۆری له‌ ناجۆری و ناته‌بایی هه‌رێمی كوردستان بینیوه‌و تا ئێستا له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ یاری ده‌كات، بۆیه‌ ڕاستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و داوایه‌ی حكومه‌تی عیراقیدا جگه‌ له‌وه‌ی ڕونكاری هه‌بێت ، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكرێت عیراقیش هه‌مان ڕێ‌ و شوێن بگرێته‌ به‌ر، یانی عیراقیش ئه‌و ڕونكاریه‌ بكات كه‌ له‌لایه‌نی هه‌رێمی داوا ده‌كات ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت شه‌ڕی موچه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕی بودجه‌، وه‌ك چۆن به‌ شه‌ڕ ناوبراوه‌ ، گه‌رچی من باوه‌ڕم وایه‌ بابه‌ته‌كه‌ شه‌ڕ نیه‌و مافه‌ ، به‌ڵام ماف له‌ به‌رانبه‌ر دابینكردنی ئه‌رك و داواكان، ئه‌رك و داوای به‌ جێ‌ نه‌ك ناجۆر .
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ململانێكه‌ قوربانی تێیدا موچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌، نه‌ك دوو لایه‌نی به‌رانبه‌ر یه‌ككه‌ نه‌حكومه‌تی عیراقی وه‌ك پێویست باكی به‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێمه‌ ، نه‌هه‌رێمی كوردستانیش هێنده‌ له‌ خه‌می موچه‌ خۆرانی هه‌رێمدایه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌زمون ده‌ركه‌وتوه‌و حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕابردودا ده‌یان موچه‌ی موچه‌ خۆرانی حه‌په‌لوش كردوه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ ئومێدێك هه‌بێت بۆ دانه‌وه‌ی كه‌ دواترینیان سێ‌ موچه‌ی ساڵی رابردوه‌، به‌ بارمته‌ گرتنی موچه‌ خۆران به‌و جۆره‌، ئه‌و په‌ڕی ناشرینی ململانێكه‌ ده‌رده‌خات و به‌رپرسانی هیچ یه‌ك له‌و دوولایه‌نه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ساڵیش موچه‌ی موچه‌ خۆرانی هه‌رێم نه‌درێت زه‌ره‌رناكه‌ن، زه‌ره‌ر مه‌ندی سه‌ره‌كی دیاره‌ كێیه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گرێدراوی هه‌نگاوی ئاكاری هه‌ر یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقیشه‌، به‌و مانایه‌ی بیانوه‌كانی یه‌كتر ببڕن و بیانوه‌كانی یه‌كتر گرێنه‌ده‌ن به‌ قوتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی باجی گه‌وره‌یان داوه‌و هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ ڕابردودا زۆر ترین سته‌مكاری ده‌رهه‌ق كراوه‌و پرۆسه‌جینۆ سایدیه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران و كوشت و بڕیان به‌رانبه‌ر پیاده‌ كراوه‌ .
بۆ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ یه‌كه‌مین خه‌می خه‌می هاونیشتمانیان بێت و ناكرێت له‌ پێناو هه‌ندێك كاری لابه‌لادا ئه‌و بابه‌ته‌ پشتگوێ‌ بخرێت ، وه‌ك چۆن بابه‌تی ناوردنی موچه‌ش بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌بێت لای حكومه‌تی عیراقی پابه‌ندیه‌كی ئاكاری بێت و نه‌خرێته‌ نێو چوار چێوه‌ی كێشه‌گه‌لی دیكه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر گومان له‌ ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆران هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ مه‌ودای مانگێكا ئه‌و بایه‌ته‌ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی به‌ دواداچوونه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌ر وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌كی هه‌رێم له‌ دوو ڕۆژ زیاتری ناوێت بۆ به‌ دواداچوون، وه‌ك چۆن ئێستا ئه‌و بابه‌ته‌له‌ رێگه‌ی زۆر فه‌رمانگه‌وه‌ كراوه‌و حكومه‌تی عیراقی زانیاری وردی له‌ به‌رده‌سته‌، كه‌واته‌سازدانی هه‌ر گیرو گرفتێك جۆرێكه‌ له‌ شه‌ڕفرۆشتنبه‌ موچه‌ خۆرانی هه‌رێم .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو