دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
کەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی
یەکێتییە سەربەرزەکان
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە ئێوە و خەڵکی کوردستان و یەکێتییە سەربەرزەکان پیرۆز دەکەم، ئومێدەوارم هەمیشە یەکێتیی لە لووتکەی سەرکەوتن ببینم و پێشەنگی خزمەتکردن بێت.
ئەوێ رۆژێ، دوای نسکۆی شۆڕش نائومێدی باڵی بەسەر کوردستان کێشابوو، رژێمی فاشیستی بەعس لە لووتکەی هێزو دەسەڵاتی بوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە بەرەنگاری بەعس بووەوە بۆ یەکەمجار لەمێژووی گەلەکەمان شۆڕش و قوربانیدانەکەی بە راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان کۆتایی هات و بووین بە خاوەنی حوکمڕانی خۆمان.
ئەمڕۆ کە ئەم یادە پیرۆزە دەکەینەوە، لە سایەی خەباتی یەکێتیی و هێزە کوردستانییەکان، خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانمان کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی دەستوورییە، ئەرکە لەسەرشانی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان خەبات بکەن لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە قەیران و ململانێکان، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت ئەوەی بەدەست هاتووە ئەمانەتی خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانە پێویستە بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین، خەبات بەردەوام بێت لەپێناو گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەو وەدینەهاتووەکانی گەلەکەمان.
جارێکی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە یەکێتییە تێکۆشەرەکان دەکەم، هیوادارم وەک هەمیشە یەکێتیی داکۆکی لەمافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بکات.
کۆسرەت رەسول عەلی