عومەر گوڵپی‌: دەرماڵەی‌ خوێندكارانی‌ زانکۆو پەیمانگا بۆ خەرج ناکەن؟

  • July 2, 2024
  • 45 Views
عومەر گوڵپی‌: دەرماڵەی‌ خوێندكارانی‌ زانکۆو پەیمانگا بۆ خەرج ناکەن؟

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان:

دەرماڵەی‌ خوێندکارانی‌ زانکۆو پەیمانگاکان تەنها (٤٠ هەزار) دینار بۆ ناوشارو (٦٠ هەزار) دینارە بۆ‌ دەرەوەی‌ شار، ژمارەیەکی‌ زۆر لە قوتابیانی‌ زانکۆو پەیمانگاکان زیاتر لە ساڵێکە ئەو دەرماڵەیەیان بۆ خەرج نەکراوە!

لەسەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢٤)ەوە، بەغدا تەواوی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ کوردستانی‌ دابین کردووە، هەرێمی‌ کوردستان یەک دیناری‌ بۆ مووچە تەرخان نەکردووەو هەموو داهاتی‌ ناوخۆ لە بەردەستیاندایە کە زیاترە لە (٦٠٠ ملیار) دیناری‌ مانگانە، کەچی‌ دەرماڵەی‌ خوێندکارانی‌ زاتکۆو پەیمانگاکان لە کاتی‌ خۆیدا خەرج ناکرێت، بەجۆرێک زیاتر لە ساڵێکە بەشێکی‌ زۆری‌ خوێندکارانی‌ زانکۆ لە سنوری‌ سلێمانی‌ ئەو بڕە پارە کەمەیان بۆ خەرج نەکراوە.

هەموو تێچووی‌ دەرماڵەی‌ قوتابیان نزیکەی‌ پێنج ملیار دیناری‌ مانگانەیە، کەچی‌ ئەو بڕە کەمەش بە شێوەیەکی‌ ڕێک‌و پێک‌و شایستە مانگانە خەرج ناکەن.

گەنجان لە بێبەشترینەکانن لە هەرێمی‌ کوردستان، نە پشتیوانی‌ پێویستی‌ داراییان هەیە بۆ کاتی‌ خوێندن، نە دەرفەتی‌ دامەزراندنیان هەیە لە کەرتی‌ گشتی‌‌و نە هەلی‌ کاریان بۆ دەڕەخسێت لە کەرتی‌ تایبەت، نە پشتیوانیان هەیە بۆ پڕۆسەی‌ هاوسەرگیریی‌، نە پشتیوانیان هەیە بۆ دابین کردنی‌ یەکەیەکی‌ نیشتەجێبوون، نە پشتیوانی‌ داراییان هەیە بۆ دروستکردنی‌ پڕۆژەیەکی‌ بچوک، نیشتیمانێک هیچی‌ بۆ گەنجان نەبێت، چۆن دەتوانێت داوای‌ ئینتیماو نیشتیمانپەروەریان لێبکرێت؟

بێبەشکردنی‌ گەنجان، سوتاندنی‌ ئایندەی‌ هەرێمی‌ کوردستانە، حکومەتەکەی‌ پارتی‌ و یەکێتی‌ بە مەبەست گەنجان بێبەش دەکات تا وڵات خاڵی‌ ببێتەوە لەو تواناو وزەیەی‌ دەکرێت ئایندەیەکی‌ جیاواز بۆ کوردستان بەرهەم بهێنێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو