سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هۆشداری لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و دەڵێت، ناوچەكە كەوتووەتە بەر دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل و ئەگەری دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی عیراق هەیە.
نوری مالیکی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە وتارێكیدا لە فێستیڤاڵی یادكردنەوەی سەركردەكانی نەسڕ رایگەیاند، ئیسرائیل لە هەوڵی نانەوەی پشێوی و تاوانكارییە لە عیراقدا، بەڵام بە یەكگرتوویی گەلی وڵاتەكە سەرجەم ئەو هەوڵانەی ئیسرائیل لە رابردوودا شكستی هێناوە و لە داهاتووشدا شكست دەهێنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر ئەركیان پاراستنی غەززە و باشووری لوبنان بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی كەوتنی رژێمی سوریاوە، ئەركەكەیان سەختبووە و بووەتە پاراستنی سەرجەم ناوچەكە لە دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل، بە تایبەتی كە ئەگەری دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی عیراق لە ئارادایە.
مالیکی ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵانی ٦٠ بۆ ٨٠ـاكانی سەدەی رابردوو، ئیسرائیل پلانی دابەشكردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ كانتۆنی بچووكتر داڕشتووە، تاكو نەتوانن بە یەكگرتوویی ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
نوری مالیکی وتیشی، ئەوەی لە سوریا روویدا، رەنگە دەستپێكێك بێت بۆ دابەشكردن و لاوازكردنی وڵاتانی ناوچەكە.