مێکوتەی سیاسی: ڕیشە، دەرکەوتە و ڕێگەچارەکان

مێکوتەی سیاسی: ڕیشە، دەرکەوتە و ڕێگەچارەکان

ئەرسەلان مەحمود

لە دۆخی قەیراناوی ئابووری و سیاسی، لە غیابی کارو ئەدای ئیداری عەقڵانی، ئاسایی دیاردە و دەرکەوتەی نائاسایی دەبنە ڕۆژەڤ. ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بە داخەوە ڕۆژ ڕۆژی “مێکوتەی سیاسی”ـیە.

“مێکوتەی سیاسی” نەخۆشییەکی پووکێنەری سیستەماتیکە کە جەستەی سیاسی و دەسەڵاتەکان دەگرێتەوە و کاریگەری وێرانکەریان لەسەر دادەنێت. هەروەک چۆن مێکوتەی ئاسایی لە لەشدا، بە شێوەیەکی ناڕێک و لە پڕ دەردەکەوێت و زیان بە ئۆرگانەکانی لەش دەگەیەنێت، مێکوتەی سیاسیش بەهەمان شێوە لەناکاو سەرهەڵدەدات و پووکانەوە و داڕمان لە ژیانی سیاسیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، بڕوانینە مێکوتەی سیاسی، دەردەکەوێ کە بەرهەمی ڕاستەوخۆی نیهیلیزمی سیاسییە – فەلسەفەیەک کە سیاسەت تەنها وەک ئامرازێک بۆ دەستکەوتنی دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەت دەبینێت، بێگومان بێ گوێدانە ڕاستی و دادپەروەری. هیگڵ باسی دیالێکتیکی گۆڕان و پێشکەوتنی مێژوو دەکات، بەڵام ئەوەی لە سیاسەتی مێکوتەییدا دەبینرێت سەرگەردانی و گەڕانەوەیەکی مەترسیدارە بۆ دۆخی پێشمۆدێرنە.

دەرکەوتە و نیشانەکانی بریتین لە: لە جیاتی پێشکەشکردنی بەرنامە و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان، گوتاری بێبایەخ و پووچ کە دواجار متمانەی کۆمەڵگە دەڕووخێنێت پێش دەخات. زاڵبوونی پەیوەندییە کاتی و سۆزدارییەکان لەگەڵ جەماوەر، وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیاسەتی مێکوتەیی. لێرەدا کاریگەری کاتی و تووڕەیی خەڵک دەکرێتە ئامانج، بەبێ پلاندانان بۆ دوارۆژ. دەرکەوتنی لاوازی سیستەم لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بەردەوام قووڵتر دەبنەوە، چونکە لەبری چارەسەری بنەڕەتی، چارەسەری ڕووکەشیان بۆ دادەنرێت.

ڕێگەچارەکان دەبێت بنەڕەتی بن: دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەی سیاسی بەهێز کە هۆشیاری سیاسی و شیکاری ڕەخنەگرانە بەهێز بکات، وە بەهاکانی وەک ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت. هەروەها چالاککردنی دامەزراوە دیموکراتییەکان، وەک پەرلەمان و دەزگەکانی چاودێری، بۆ لێپرسینەوەی جددی و سنوورداکردنی کەسانی سیاسی، لەپاڵ هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و میدیای سەربەخۆ بۆ چاودێری پرۆسەی دیموکراتی. هاندانی خەڵک و ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە کوشندەیە، هەروەها کارکردن بۆ بنیاتنانی سیاسەتێکی شەفاف و دادپەروەر کە متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێتەوە.

بە کورتی، دیاردەی مێکوتەی سیاسی نیشانەی نەخۆشییەکی قووڵە لە پەیکەری سیستەمی سیاسیدا کە پێویستی بە چارەسەری هەمەلایەنە و بنەڕەتی هەیە. تەنها لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەیی و یاسایی شەفاف و بەهێز، چالاککردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و پاسادانەوەی کاربەدەستان و بەشداری چالاکانەی هاوڵاتیان دەتوانرێت ئەم نەخۆشییە ڕیشەکێش بکرێت. پێویستە هەمووان، بە تایبەت ڕۆشنبیران و چالاکوانان، هەوڵی بێوچان بدەن بۆ پەرەپێدانی سیاسەتێکی شیاو و بەرپرسانە، دوور لە پووچی و گەندەڵی، کە شایستەی متمانەی جەماوەر بێت و دەستکەوتەکانی بپارێزێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو