کۆمکاری عەرەبی نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچەی ساحل لە سوریا

کۆمکاری عەرەبی نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچەی ساحل لە سوریا

ئەمانەی گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی نیگەرانی “بەرزی” خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەشەکردنی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەی ساحل لە سوریا و پێکدادانەکانی ئەو ناوچەیە. لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە (٨ی ئاداری ٢٠٢٥)، کۆمکار ئیدانەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی کرد کە ئامانجی هەڵگیرساندنی دۆخی ناوخۆیی و هەڕەشەکردن لە ئاشتی ناوخۆیی و زیادکردنی ئاستەنگەکانە کە سوریا لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ناوچەی ساحل لە ڕۆژئاوای سوریا کە زۆرینەی عەلەوی تێدا دەژین، لە چوارشەممەی ڕابردووەوە شایەتی شەڕێکی خوێناوی بووە کە دەیان کەس تێیدا کوژراون. هێزەکانی ئاسایشی سوریا ڕایانگەیاندووە کە پێکدادانیان هەیە لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەفسەری پێشوو سوهەیل حەسەن کە یەکێک بوو لە دیارترین فەرماندەکانی سوپا لە سەردەمی حوکمی بەشار ئەسەددا.

بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، “ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان لە ڕووداوەکانی ساحلی سوریدا لە ٣٤٠ مەدەنی تێپەڕیوە، لەناویاندا ژنان و منداڵان”. چاودێری سوری ئاماژەی بەوە کردووە کە “٣٤٠ مەدەنی عەلەوی بە لەسێدارەدانی مەیدانی کوژراون”، و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە لە ١٠٠٠ کەس تێپەڕێت.

سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەی ساحل لە ڕۆژئاوای وڵات ڕاگیراوە هەتا دەرکردنی ئەو کەسانەی کە سەر بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان نین، هەروەها وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ڕایگەیاندووە کە ڕێگاکانی بەرەو ناوچەی ساحل داخراون بۆ کۆنترۆڵکردنی پێشێلکارییەکان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بە تەدریجی بۆ ناوچەکە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو