ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی نیسان، تەقینەوەیەکی بەرفراوان لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران روویدا. بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی تەسنیمەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم تەقینەوەیەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥١٦ کەسیش بریندار بوون.
سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، فەرمانی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە. بەپێی فەرمانی سەرۆک کۆمار، ئەسکەندەر مؤمنی، وەزیری ناوخۆ، گەیشتووەتە بەندەر عەباس بۆ سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوەکان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەتا گومان لە تەقینەوەی کۆگایەکی سووتەمەنی کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریدەخەن کە تەقینەوەکە بەهۆی کۆنتێنەرێکەوە بووە کە لە حەوشەی کۆنتێنەرەکان تەقیوەتەوە.
جگە لە زیانە گیانییەکان، تەقینەوەکە بووەتە هۆی خاپووربوونی تەواوەتی باڵەخانەیەکی ئیداری لە بەندەرەکە و زیانگەیشتن بە دەیانە ئۆتۆمبێل.