کوژرانی محەمەد سنوار، فەرماندەی باڵای سەربازی حەماس پشتراست کرایەوە

  • May 28, 2025
  • 51 Views
کوژرانی محەمەد سنوار، فەرماندەی باڵای سەربازی حەماس پشتراست کرایەوە

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی فەلەستینی بۆ ڕۆژنامەی “شەرق ئەلئەوسەت”، محەمەد سنوار، فەرماندەی “کەتیبەکانی قەسام” باڵی سەربازی حەماس و برا بچووکەکەی یەحیا سنوار، سەرکردەی کۆچکردووی حەماس، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە بۆردومانێکدا لە تونێلێکی ژێرزەویدا لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەوروپی لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی کەتیبەکاندا کوژراوە.

بە وتەی ئیسرائیل، محەمەد سنوار بەرپرسە لە هێرشی “تۆفانی ئەقسا”ی بەرەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاشکرای کردووە کە حەماس دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵی کوژرانی سنوار و سەرکردەکانی دیکەی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمێکی تایبەتی قەسام چوونەتە ناو تونێلە وێرانکراوەکە و تەرمی محەمەد سنوار و سەرکردەکانی دیکەیان دۆزیوەتەوە و دواتر بۆ تونێلێکی دیکەی نزیک گواستراونەتەوە، لەوێ بە شێوەیەکی کاتی کفن کراون و نێژراون بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە حەماس کوژرانی سنواری پشتڕاستکردەوە و وتی کە محەمەد شەبانە، فەرماندەی لیوای ڕەفەح، و فەرماندەیەکی دیکەی کەتیبە لە هەمان لیوا لەگەڵیدا بوون و کەس لەو گروپە ڕزگاری نەبووە.

هەروەها مەهدی کەوارع، فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژئاوای لیوای خان یونس، لە هەمان هێرشدا لە ماڵێکدا کوژراوە کە گومان دەکرێت یەکێک بووبێت لە دەرچەکانی تونێلەکە.هۆکاری کۆبوونەوەی ئەم ژمارە زۆرەی سەرکردەکانی قەسام لە یەک کات و شوێندا ڕوون نییە، بەتایبەت کە ڕێنمایی توند هەبووە بۆ کۆنەبوونەوە.

کوژرانی سنوار هاوکات بووە لەگەڵ ڕادەستکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی عیدان ئەلێکساندەر، کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکییە، لەلایەن حەماسەوە وەک نیازپاکی بۆ سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو