هۆشیار زێباری: پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر خراپە و ئەگەری بەنێودەوڵەتیکردنی قەیرانەکان هەیە

  • June 6, 2025
  • 45 Views
هۆشیار زێباری: پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر خراپە و ئەگەری بەنێودەوڵەتیکردنی قەیرانەکان هەیە

هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە، بەتایبەت دوای بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، و ئاماژەی بە ئەگەری بەنێودەوڵەتیکردنی قەیرانەکانی هەرێم کرد.

زێباری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سکای نیوز عەرەبییە” وتی: “بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تەواو سیاسی و ستەمکارانەیە و لە کاتێکی خراپدا بوو کە بەر لە جەژنی قوربان بوو.”

ناوبراو ئەو بڕیارەی بە “پەراوێزخستنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنیان لە مافی سروشتی و دەستووریی خۆیان” لە قەڵەم دا و وتیشی: “ئامانج لێی لاوازکردنی هەرێم و ئیدارە فیدراڵییە دەستوورییەکەی عێراقە کە دوای ساڵی 2003 دامەزراوە.”

زێباری جەختی لەوە کردەوە کە “پەیوەندیی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان خراپە، و بڕیاری نادادپەروەرانە و سەرەڕۆیانەی ڕاگرتنی مووچە، ڕای گشتیی کوردیی وروژاندووە و وایکردووە هاوسۆزیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هەبێت.”

ئاماژەی بەوەشدا: “هەرێم پشکی ١٢%ی لە بودجەدا هەیە، بەڵام ئەوان (حکومەتی ناوەندی) پابەندی دەستوور و یاسا نابن و بیانووی لاوازیان بۆ ئەم بابەتە هەیە.”

قاچاخچێتیی نەوت

سەبارەت بە تۆمەتەکانی قاچاخچێتیی نەوت بۆ تورکیا، زێباری وتی: “من ناڵێم قاچاخچێتی بوونی نییە، بەڵام سنووردارە. نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی فەرمی و هێڵی فەرمییەوە هەناردەی تورکیا دەکرا.”

وتیشی: “ئەوان (حکومەتی ناوەندی) بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت زیانیان کردووە، کە تا ئێستا نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا خۆیان کێشەی دارایی و قەیرانی نەختینەییان هەیە.”

ڕوونیکردەوە: “پرسی نەوت و گاز لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی نییە، ئێمە لە ساڵی 2007ـەوە هەوڵماندا یاسایەکی نەوت و گاز دەربکەین بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییە، بەڵام ئەوان لایەنی ئاستەنگ دروستکەر و دژ بوون، بۆیە دەبێت لۆمەی خۆیان بکەن.”

هاوکات حکومەتی ناوەندیی بە پێشێلکردنی ئەو بنەما و دەقە دەستوورییانە تۆمەتبار کرد کە کورد لە عێراقدا وەک هاوڵاتیی خاوەن مافی یەکسان لەگەڵ ئەوانی تردا دەناسێنێت.

سەبارەت بە نەخشەڕێگاکەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، زێباری وتی: “حەلبوسی باسی لە نەخشەڕێگایەک کرد، بەڵام پێشنیازەکانی کرداری و واقیعی نین و دوورن لە میتۆدی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات.”

ئەگەری بەنێودەوڵەتیکردن

زێباری ڕوونیکردەوە: “هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بەرفراوان و پتەوی هەیە لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی، ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو ، تورکیا و ئێران، هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان. لەوانەیە ئەم کێشەیە بەرەو بەنێودەوڵەتیکردن بڕوات و ئێمە تۆڕی پەیوەندییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ چارەسەرکردنی.”

جەختی لەوەش کردەوە: “ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، دەرەنجامی خراپی دەبێت، لە کاتێکدا چارەسەرەکەی ئاسانە و بریتییە لە بوونی بەرپرسیارێتی و ئەرک لەسەر هەردوو لا، بەڵام کارەساتەکە سووربوونە لەسەر هەڵە.”

لە کۆتاییدا وتی: “ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی پێداچوونەوە بە شێوازی هاوبەشییەکەدا، نەک لەلایەن حیزبێک یان سەرکردایەتییەکەوە، بەڵکو لەلایەن خودی شەقامەوە. هیوادارین حکومەت پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات. تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە. ئێمە دەستی دیالۆگ درێژ دەکەین، بەڵام ستەم قبووڵ ناکەین.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو