لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی و تەیف سامی باسی چی کرا؟

  • June 12, 2025
  • 132 Views
لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی و تەیف سامی باسی چی کرا؟

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شاندێکی “دەستەی داکۆکی و گرووپی خەڵکی ناڕازی” لە بەغدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی عێراق چەندین زانیاریی گرنگ و هەستیاری لەبارەی پرۆسەی تەوتینی مووچە و هۆکاری دواکەوتنی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە وەزارەتی دارایی هەرێم بەرپرسیاری سەرەکییە لە جێبەجێنەکردنی پرۆسەکە.

وردەکاریی لێدوانەکانی تەیف سامی:

بەپێی بەیاننامەی شاندەکە، تەیف سامی بە ڕاشکاوی هۆکارەکانی وەستانی پرۆسەی تەوتینی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان زانیارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئایبان (IBAN) و ژمارەی ناسنامەی فەرمانبەران (UPN)ی بۆ بەغدا نەناردووە، کە مەرجی سەرەکیی دەستپێکردنی پرۆسەکەن.

وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە کە “تەوتین بە شێوەی تاکەکەسی جێبەجێ ناکرێت،” بەڵکو پێویستی بە واژۆی فەرمی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان هەیە لەسەر لیستەکان. تەیف سامی ئاشکرای کرد کە “چەندین جار لە ڕێگەی نوێنەرایەتی هەرێمەوە نووسراوی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم کردووە بۆ دەستپێکردنی تەوتین، بەڵام هەرێم وەڵامی هیچ کام لە نووسراوەکانی نەداوەتەوە.”

دەستەی داکۆکی مامۆستایانی ناڕازی ڕەخنەی توندیان لە وەزیری دارایی هەرێم گرت و وتیان: “جەنابی وەزیر خەریکی باسکردنی ‘هەژماری من’ە، کە لە عێراق نازانرێت چییە، لە کاتێکدا ئامادە نییە ئەو نووسراوە فەرمییانە واژۆ بکات کە بۆ تەوتینی مووچە پێویستن.”

سەرسوڕمانی وەزیر لەبارەی مووچەی مانگی ١٢:

یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی کۆبوونەوەکە، سەرسوڕمانی تەیف سامی بوو کاتێک شاندەکە باسیان لە وەرنەگرتنی مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٤) کرد. بەپێی بەیاننامەکە، وەزیری دارایی باوەڕی نەکردووە، چونکە جەختی کردووەتەوە کە “بەغدا ئەو مووچەیەی ناردووە.”

چارەنووسی مووچە بەستراوەتەوە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە:

سەبارەت بە چارەنووسی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تەیف سامی ڕایگەیاندووە کە ئەو پابەندی دەستوور و یاسایە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگای باڵای فیدڕاڵییە لەسەر ئەو سکاڵایەی کە بۆ جیاکردنەوەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان تۆمار کراوە. بەمەش، ناردنی مووچە لە داهاتوودا پەیوەستە بەو بڕیارەی کە لە دادگاوە دەردەچێت.

لە کۆتاییدا، شاندی ناڕازییان بەڵێنیان داوە کە “تا دوا هەناسە” لە خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبن بۆ جێبەجێکردنی تەوتین و ڕزگارکردنی مووچەی فەرمانبەران.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو