ئێران بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و وتەکانی بە “سووکایەتی” ناودەبات

  • June 29, 2025
  • 110 Views
ئێران بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و وتەکانی بە “سووکایەتی” ناودەبات

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکای کرد و وتەکانی دژی عەلی خامنەیی و گەلی ئێرانی بە “قسەی سووک و بێڕێزی” وەسف کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەم لێدوان و ڕەفتارانە کە پێچەوانەی ڕەوشت و بنەما دیپلۆماتییەکانە، نەک تەنها پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما و بەها هاوبەشە جیهانییەکان و ماددەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان، بەڵکو نموونەی دیاری بێڕێزیکردنە بەرامبەر بە گەل و شارستانییەتێکی دێرین و بریندارکردنی هەستی سەدان ملیۆن موسڵمانە لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهاندا.”

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردووەتەوە کە “بێگومان ئەم ڕەفتار و وتە سووکایەتی ئامێز و دژە ئێران و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی جێگەی ڕێزی ئێرانییەکان و موسڵمانانی جیهان، دەبێتە هۆی زیادبوونی بێزاری و ڕق لە سیاسەتە کورتخایەنەکانی ئەمریکا و بانگەشەکانیان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ بێبایەخ دەکات.”

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامۆژگاریی بەرپرسانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: “لەبری قسەی بێمانای سووکایەتی ئامێز و گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکانیان، با وەڵامدەرەوەی یاساشکێنی و پێشێلکارییە زەقەکانیان بن لە هێرشە نایاساییەکەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران و هەروەها پشتیوانییان لە تاوانەکانی ئیسرائیل دژی گەلی ئێران و ناوچەکە.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو