ئێران: ڕێگە بە چەکدانانی حزبوڵا و حەشد نادەین

  • August 9, 2025
  • 79 Views
ئێران: ڕێگە بە چەکدانانی حزبوڵا و حەشد نادەین

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە چەندین دۆسیەی هەستیاری ناوچەکە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر دژایەتیکردنی هەر گۆڕانکارییەکی جیۆسیاسی و پیلانی چەکدانانی هێزە هاوپەیمانەکانیان کردەوە.

ویلایەتی سەبارەت بە دۆخی قەوقاز وتی: “باشوری قەوقاز ناوچەیەکی بێ خاوەن نییە، تا ترەمپ هەستێت بە بەکرێگرتنی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ. قەوقاز یەکێکە لە ناوچە هەرە هەستیارەکانی جیهان و ترەمپیش ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو ڕێڕەوە، بەڵکو دەبێتە گۆڕستان بۆ بەکرێگیراوەکانی.”

ناوبراو هۆکاری دژایەتییەکەی ئێرانی بۆ ئەو ڕێڕەوە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە “دەبێتە هۆی گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕکردنی سنورەکان، کە لە بنەڕەتدا ئامانج لێی دابەشکردنی ئەرمینیایە.”

سەبارەت بە پرسی چەکدانانی حزبوڵای لوبنان، ویلایەتی ڕایگەیاند: “ئەوە یەکەمجار نییە کە پێشنیازی چەکدانانی حزبوڵا دەکرێت. هەروەک چۆن لە ڕابردوودا شکستی هێناوە، ئێستاش ئەو جۆرە بیرۆکە و قسانە شکست دەهێنن. موقاوەمە لە ڕابردوودا کە توانای لە ئێستا کەمتر بوو، شکستی بەو پیلانانە هێنا، ئەمڕۆ کە پاڵپشتییەکی میللی و هێز و توانایەکی گەورەی لەبەردەستدایە، بە پشتیوانیی خوا ڕێگە نادات ئەو پرۆژانە سەربگرن.”

ڕاوێژکارەکەی خامنەیی جەختی لەوەش کردەوە کە موقاوەمەی لوبنان “نوێنەرایەتیی کەرامەتی لوبنان و ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکات” و وتیشی: “حزبوڵا ئەمڕۆ لە لوبنان پاڵپشتیی سەرجەم لوبنانییەکانی هەیە، لە مەسیحی و شیعە و سوننە و ئەوانی دیکەشەوە.”

ویلایەتی ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە دوای لوبنان، ئەمریکا و ئیسرائیل حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج. لەمبارەیەوە وتی: “ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی عێراق و ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی چەکدانانی حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراق بوەستنەوە و ڕووبەڕووی ئەو پیلانە ببینەوە.”

لە کۆتاییدا، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕۆڵی ئێرانی دووپاتکردەوە و وتی: “ئێران ناوەندی میحوەری موقاوەمەیە و بە ڕوونی و ئازایانە پشتیوانیی لێ دەکات. بەم نزیکانە هەمووان دەبینن کە سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەکان، ئایندەی ناوچەکە بۆ گەلەکانیان و موقاوەمە دەبێت.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو